نووسەر: halimyoussef
ڕۆژێکی وێژەیی و هونەری لە شاری ڤوپەرتاڵی ئەڵمانیا. “شانۆ گەورەترین وێستگەی ژیان” نرخاندنی وێژەی و میوزیک.
15.05.2018 – Schauspielhaus- Wuppertal
ڕۆژێکی خۆش لە شتوتگارت، لەگەڵ ئیبراهیم سەیدۆ و کوردستان٢٤ (کافکای وێژەی کوردی) -ڤیدیۆ
ساڵی ٢٠٢٠: ٢٠ کتێب لە پڕفرۆش‌ترین کتێبەکان بوون. (ڤیدیۆ)
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی pirtûkakurdî.com بڵاویکردوونەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا هەردوو ڕۆمانی حەلیم یوسف “فڕین بە باڵە شکاوەکان” و “٩٩ موورووی پەرشوبڵاو” لەنێو ئەو ٢٠ کتێبانەدا بوون، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ پڕفرۆش‌ترین کتێب بوون.
دڕندەکەی دەروونم پێنجەمین کتێبی نووسەری ناودار حەلیم یوسفە بە سۆرانی.
Hazhar Majeed – 24.09.2019
دڕندەکەی دەروونم پێنجەمین کتێبی نووسەری ناودار حەلیم یوسفە بە سۆرانی.دڕەندەکەی دەروونم باس لە ژیانی مرۆڤی کورد دەکات لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی تۆقێنەری وەک ڕژێمی سوریەدا. لە سیستمی تۆقێنەردا دەشێ پەیکەرێکی سەرۆک بێت بە دیوەزمەی ژیانی ھەزاران کەس، ببێت با کابووسێکی مەزن و ھەموو ژیان بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.پەیکەری سەرۆک ھێمای ئەو دەسەڵاتە کە دەڵێ، سەرۆک لە ھەموو شوێنێک ئامادەیە و چاودێری ورد و درشتی جوڵەی تاک دەکات. تۆ بەردەوام و تەنانەت لە کونی ژوورەوەش لە ژێر چاودێریدای، سەرۆک خودا ئاسا ئاگای لە خشەی مار و مێروە. ئەدەبیات لای حەلیم ئەدەبیاتی بەرەنگاربوونەوە و ژیانەوەی میلەتێکی بن دەستە.
حەلیم یوسف: هەموو ڕۆمانێکی جددی هەڵگری ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ژیانی کارەکتەرەکانییەتی
zhyan – Adar 2020
ئەگەرچی زۆربەی بەرهەمەكانی بەعەرەبی نووسیون، بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەشی زۆری بەرهەمەكانی كراون بە كوردی. ئەم دیدارەی دەیخوێنیتەوە هەر بە زمانی عەرەبی لەگەڵی ئەنجامدراوە. حەلیم یوسف، نووسەر و رۆماننوسی دیاری رۆژئاوای كوردستانە و لە بارەی ئەدەب و رۆمانەوە، قسە بۆ رەنگدان دەكات
بەشی یەكەم
سازدانی: شاخەوان سدیقڕێكخستن و وەرگێڕانی: ڕەنجدەر جەبار
ژیان: نووسین یەکێکە لە هەرە تایبەتمەندییە خودییەکانی ئینسان و هەر یەکەو بە بیانوو و هۆیەکەوە دەنووسێت، نووسین لای تۆ چییە و بۆ دەنووسن؟
حەلیم یوسف: نووسین بۆ من وەک قەدەر وابوو. هەر زوو دەستمکرد بە نووسین، بێئەوەی بزانم چ هۆکارێک پاڵنەرمە بۆ ئەو کارە. بەمنداڵیی، وەک مناڵێکی کورد بە ژمارەیەک لە پرسیاری زۆر قورس دەورە درابووم كە لە تەمەنی خۆم گەورەتر بوون. گەڕان بە دوای وەڵامگەلی قایلکەردا، بەرەو سێبەری نووسینیان پەلکێشکردم. نازام چۆن بوو بۆم دەرکەوت نووسین دەربارەی ئەو ئاگرانەی ناخم هەڵدەکۆڵێت و، خەمەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دەوری داوین، لەسەرم سووک دەکات. دواتر نووسین بۆ من بوو بە شتێک هاوشێوەی ئۆکسجین، ناتوانم بەبێ نووسین لە ژیان بەردەوام بم. بڕوا ناکەم هێزێک هەبێت لەسەر ڕووی زەوی بتوانێت لە نووسینم داببڕێت، مەگەر مردن. نووسین، ئۆکسجینی ژیانی منە. منیش دەنووسم بۆ ئەوەی لە ژیان بەردەوام بم.
ژیان: دەبێت نووسەر بۆ خوێنەر بنووسێت، یان بەپێچەوانەوە نووسەر نابێت بۆ خوێنەر بنووسێت و ئەوە خوێنەرە دەبێت بۆ ئاستی نووسینی نووسەر بەرزبێتەوە؟ تۆ لەگەڵ كام بۆ چوونەدایت؟
حەلیم یوسف: هیچ ڕێگرییەک نییە لە نێوان هەردوو ئەگەرەکەدا. بێگومان من بۆ خوێنەرەکانم دەنووسم، لە هەمان کاتدا بۆ خۆشم دەنووسم. لە نێوان خۆم و خوێنەرەکانمدا، هۆگرییەکی زۆر هەیە. هەر ئەم هۆگرییەیە بەبێ هیچ پلانێک ئەو پەیوەندییەی لە نێوانماندا دروستکردووە. ئەگەر بە تەنها بۆ خۆمم بنووسیبایە، ئەوا نووسینەکانم وەک کتێب بڵاو نەدەکردەوە. نکۆڵی لەوە ناکەم لە ساتەکانی نووسیندا ئامادەیی خوێنەر کەمدەبێتەوە، وەک وەڵامدانەوەی ئەو دەنگەی لە ناخمدایە، ڕێگا خۆش دەکەم بۆ هەڵقووڵانی هەستەکانم. پانتاییە تاریکەکانی نەستم ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە چنینی وردەکاری دەقە ئەدەبییەکان، بەجۆرێک یادەوەرییەکانم دەڕۆنە سنووری هۆشیاری بۆ گێڕانەوەی ئەوەی پێویستە بۆ تەواوکردنی دیوە هونەرییەکانی ئەو دەقە. دەتوانم بڵێم بیرکردنەوە لە خوێنەر و ئەو ڕێچکانەی لە زۆر شوێن پێکەوەمان دەبەستن، لە کاتی یەکەمین پێداچوونەوە دێنە ئاراوە. بەجۆرێک خۆم دەخەمە شوێنی خوێنەر و هەوڵدەدەم هێندەی بتوانم کارەکان چاکدەکەمەوە کە ڕێگرن لە تێگەیشتن و پێکەوەبەستنم لەگەڵ خوێنەر. سەبارەت بە پرسیارەکەت، ئایا پێویستە خوێنەر بەرز بێتەوە بۆ ئاستی نووسینی نووسەر، من لەسەر دوو ئاست باسیدەکەم لە نووسینەکانمدا. یەکەمیان لەسەر ئاستی زمانەوانی، من بە زمانێکی سادە و ئاسان دەنووسم، هەموو کەس لێیتێدەگات. ئاستی دووەم بریتییە لەو ئاماژانەی پەیوەستن بە ناوەڕۆکی دەقەکەوە، ئەمە دەکەوێتە سەر زیرەکی خوێنەر و توانای تێگەیشتنی لە ئاماژەکانی دەقەکە بەپێی تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی. بۆیە من بۆ خوێنەران دەنووسم لە هەموو ئاستە جیاوازەکان. شتێکی سروشتییە دەقی ئەدەبی فرەئاماژە بێت، هەر بۆیە بەلامەوە ئاساییە ڕاڤە و شیکردنەوەی جیاواز لەسەر دەقێکی ئەدەبی لەلایەن خوێنەرانەوە ببیستم و بخوێنمەوە. ئەمە ئاماژەیە بۆ بەهێزی دەق، نەک لاوازی و نەگەیشتنی بە ئاستی هۆشیاری وەرگر. من ڕێز لە وەرگرەکان دەگرم و لە بۆچوون و شێوەی خوێندنەوەیان بۆ دەقی ئەدەبی تێدەگەم، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ ڕوانگەکانیشم یەکانگیر نەبن.
ژیان: دەوترێت هێندەی خوێنەری ڕۆمان هەیە هێندە خوێنەری چیرۆك نییە، ئەم بۆچوونە تا چەند ڕاستە، ئەگەر ڕاستە هۆكاری ئەوە چییە؟ لاوازی بابەت و ناوەڕۆكە یان كێشەكە لە تەكنیك و شێوازی گێڕانەوەدایە؟
حەلیم یوسف: پێموایە وەشانی ڕۆمان بەو شێوە بەرفراوانە، بەهۆی ئەو دۆخە باڵادەستەی بازاڕی کتێب لە ئەوروپا – ڕۆژئاوا هەیە، زۆربەی ناوەندەکانی پەخش و وەشاندن تەنها ڕۆمان چاپدەکەن، لە کاتێکدا تاڕادەیەک پێشوازی لە شیعر بوونی نییە. هەروەها کورتەچیرۆک وەک ژانرێکی ئەدەبی ئەو فرۆشەی ڕۆمانی نییە. لە کۆمەڵگە بەکاربەرەکانی ئێمەدا، خوێنەری هەموو جۆرە ژانرەکان بەشێوەیەکی ترسناک بەرتەسکە، هەر بۆیە ئەوەی کۆنترۆڵی ئەم بابەتە دەکات سێنتراڵیزمی ئەوروپییە، کە پێوەرە ئەدەبی و هونەرییەکان لەبەرچاو ناگرێت و هێندەی فاکتەرەکانی بازاڕگەریی و پێویستییەکانی کڕین و فرۆشتن و قازانجی زۆر لەبەرچاو دەگرێت. لە ئەوروپا شتێکی نامۆ نییە کاتێک ناوەندە گەورەکانی چاپ و وەشاندن، تا ئەوپەڕی بە گوێرەی پێوەرە ئەدەبییەکان ڕۆمانی ئاست نزم بڵاو دەکەنەوە، بەڵام لە بازاڕی کتێب‌دا فرۆشێکی زۆریان دەبێت. لە کاتێکدا ناوەندێک ئامادە نییە بەردەوام بێت لە چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی یەکێک لە نووسەرە باشەکان، هەر لەبەر هەمان هۆ، واتا لە ترسی شکستی بازاڕگەرمیی ئەو کارە.
ژیان: بەدرێژایی مێژووی نووسین، جگە لە وەزیفەی گێڕانەوە، چیرۆك و ڕۆمان، بەپێی قۆناغە جیاوازەكان ئەركی جۆراو جۆریشیان هەبووە. ئەركی سەرەكی ڕۆمان پاش گێڕانەوە چییە؟ تا چەند نووسەر لە ڕێگەی كارەكتەرەكانییەوە، دیوی شاراوەی واقیع دەگوازێتەوە؟
حەلیم یوسف: ڕۆمان چەندین وەزیفەی جیاوازی هەیە، یەکێک لە وەزیفەکان ئەو جوانییەیە کە چێژ بە وەرگر دەبەخشێت، ئەویش پێش هەموو شتێک لە ڕێگەی ئەو تەکنیکانەی بەکار دەهێنرێت و لە ئەنجامی ئەو دەوڵەمەندییەی لە پێشکەوتنی تەکنیکی هونەری ڕۆمانەوە بەدرێژایی مێژوو بەدەستهاتووە. وەزیفەیەکی دیکەی، ئەو ڕەهەندە ڕۆشنگەرییەیە کە لەو مانا و پەیامانەی ڕۆمانەکە هەڵیگرتووە وەک گەردوونێکی بەرفراوان بۆ گرتنەخۆی بڕێکی زۆری هەستەکانی مرۆڤ و هزر و کەسایەتی و بابەتەکان لە پانتاییەکی بەرفراوانی مێژوودا.دەربارەی دیوەکانی گواستنەوە و پەردەپۆشکردنی دیوە نهێنییەکانی واقع و کارکردنی جددی لەسەر کارەکتەرەکان و قووڵبوونەوەی فەلسەفی و ڕۆشنبیری لە جیهانی ڕۆماندا، دەتبات بەرەو ڕۆشنکردنەوەی ناوچە تاریک و نهێنییەکانی یادەوەریی، یان پەردە لادان لەسەر هۆشیاریی کەسەکان لە ڕێگەی ڕۆچوون بە قووڵایی ئەو کارەکتەرانە لەو ناوچانەی، پێیاندەگوترێت نەست
.ژیان: ڕەخنەگری گەورەی ئەڵمانی مارسێل ڕایخ ڕاینسكی دەڵێت “دەبێت ڕۆمان چێژمان پێببەخشێت، چێژی خوێندنەوە و كات بە سەربردن” پێتانوایە بەرهەمی ئەدەب بە تایبەت چیرۆك و ڕۆمان، بۆ چێژ‌و كات بە سەر بردن بێت؟
حەلیم یوسف: پێویستە هەردوو دەستەواژەی (چێژ و کات بەسەربردن) لەیەکتر جیابکەینەوە. پێکەوە بەستنی ئەو دووانە تێکەڵاوییەکی وا دروستدەکات، ئەو دوو دەستەواژەیە تا ئەندازەی یەکمانایی لەیەکترەوە نزیکن. پێموانییە کەسێک ڕۆمانێک بخوێنێتەوە ئەگەر پێی وانەبێت ئەو ڕۆمانە لە هەمانکاتدا چیژبەخش و بەسوودیشە. پێویستە ئەو ڕەهەندە ڕۆشنگەرییە پشتگوێ نەخەین کە ڕۆمان هەڵیگرتووە، هەموو ڕۆمانێکی جددی هەڵگری ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ژیانی کارەکتەرەکانییەتی، ئەمە سەرەڕای ئەو وردەکارییانەی پەیوەستن بە شوێن و ڕووداوە مێژووییە گەورە و بچووکەکان و بەرەنجامەکانیانەوە. هەموو ئەمانە دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی ڕۆشنبیری خوێنەر بەو بوارانەی لە دەرەوەی هونەری ڕۆمان دەستی پێڕاناگات. من وەک خوێنەرێکی وردی ڕۆمان، چەندین نموونەی مرۆیی و گەل و نەتەوە و شوێنی زۆرم لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان لە ڕێگەی ڕۆمانەوە ناسیووە. ئەگەر خوێندنەوەی ڕۆمان نەبووایە، نەمدەتوانی ئەوانە بزانم. وەک دەبینیت وەزیفەکانی ڕۆمان زۆر و بەیەکداچوون و لە یەک چوارچێوەدا کۆناکرێنەوە.
ئه زمووني نووسه ر حه ليم يوسف
22.05.2019 Kurdistan24
ئارام سديق – نامه/”99 مووری پەرشوبڵاو”
سڵاو نووسەری هێژا “حەلیم یوسف”
ڕێز و خۆشەویستیم قەبوڵ بکەن
لەم چەند رۆژی ڕابردوودا نوێترین رۆمانی ئێوەم بە کوردی سۆرانی خویندەوە کە ئەویش ڕۆمانی “99 مووری پەرشوبڵاو” بوو، رۆمانەکە بە گێڕانەوەیەکی بەهێز و بە بونیادێکی حیکائی تۆکمە بەردەوام دەبێت و ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە. من هەر لە رۆمانی “کاتێ ماسییەکان تینوو دەبن”ەوە سەرنج لەسەر کارەکانی تۆیە و جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشین. دونیایەک دڵخۆش بووم کە رۆماننوسێکی وەکو ئێوەمان هەیە… ڕۆمانەکە لە ئاستێکی بەهێزدایە و ئەو تێمانەشی کاریان لەسەر کراوە بۆمن جێگەی سەرنجبوون. چیرۆکەکان و گرێدانەوەی ڕووداوەکان و گەیشتنەوە بە یەکەم چیرۆک زۆر سەرنجڕاکێش بوو. من بەتامەزرۆییەوە رۆمانەکەم تەواوکرد، وێڕای هیوای سەرکەوتن بەهیوام بەردەوام بیت و ئێمە نووسەری وەکو ئێوەمان پێویستە…
دەستخۆشیش بۆ کاک فەرهاد چۆمانی، کە لە ڕێی ئەوەوە دەتوانم تۆ بخوێنمەوە، بەڵام ئەویش رۆحی دەقەی تۆی بەمن گەیاندووە و لە گەیشتنی رۆمانەکەم بە سۆرانی زمانان دڵنیابە.
ڕێز و خۆشەویستیم قەبووڵ بکەن…
ئارام سدیق
حوزەیرانی 2019
حه‌لیم یوسف: هیچ سنوورێك له نێوان من و كاره‌كته‌ره‌كانمدا نییه – سازدانی: فەرهاد چۆمانی
28.01.2021
دوای وه‌رگێڕانی رۆمان و چیرۆكه‌كانی له نێو خوێنه‌رانی كرمانجی خواروودا ناسرا، حه‌لیم یوسف یه‌كێكه له نووسه‌ره دیار و ناسراوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان. خه‌ڵكی عاموودێی رۆژئاوای كوردستانه و ئێستا له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه. له‌م چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ده‌داته‌وه.
سازدانی: فەرهاد چۆمانی
*ئێمه‌ی خوێنه‌رانی كرمانجی خوارو حه‌لیم یوسفمان له سایه‌ی وه‌رگێڕانی رۆمانی «كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن»ه‌وه ناسی دواتر رۆمان و چیرۆكی تری به‌دوادا هات، ئه‌مه چ ده‌روازه‌یه‌كی له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی تۆدا كرده‌وه؟
–وه‌رگێڕانی «كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن» و كتێبه‌كانی دواترم بۆ كرمانجی ژێرین، ده‌روازه‌ی ئه‌وه‌ی كرده‌وه كه هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی راستبكرێته‌وه. هیچ گومانێكم نییه ئێمه یه‌ك میلله‌تین و منداڵی هه‌مان وڵاتین، كه ناوی كوردستانه. به‌ڵام شێوه‌زاری جودامان هه‌یه. نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت وایكرد میلله‌تی ئێمه له نێو پارچه‌كانی جوگرافیایه‌ك و هه‌م له نێو شێوه‌زار و ئه‌لفبێی جودادا گیر بخوات و هه‌ر به‌شێك له به‌شه‌كه‌ی تر بێ ئاگابێت. ئه‌مه غه‌درێكی گه‌وره‌یه له كورد كراوه. باجی ئه‌مه نووسه‌رانی كوردیش ده‌یده‌ن. نووسه‌ران ناتوانن خۆیان به‌هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له چوارپارچه‌ی كوردستان بگه‌یه‌نن. به وه‌رگێڕانی نێوان شێوه‌زاره‌كان رێگه له‌به‌رده‌م نووسه‌رانی كورد ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگه و له سه‌رانسه‌ری وڵاته دابه‌شبووه‌كه‌یان بخوێنرێنه‌وه. بۆ منیش كرانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه جێگه‌ی دڵخۆشی و شانازیم بوو، كه به‌رهه‌مه‌كانی من ئه‌و سنووره سه‌خته‌ی ئه‌و چاره‌نووسه ره‌شه‌ی ئێمه‌ی تێپه‌ڕاند و به‌خوێنه‌رانی ئه‌ده‌بیات له باشووری كوردستان گه‌یشتن. من هه‌میشه ستایشی هه‌وڵی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م، كه ئه‌م رێگه‌یه له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مه كوردییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی هه‌موو كوردێك بگه‌ن. به‌هه‌موو شێوه‌زاره‌كان.
*نووسینی رۆمان، چیرۆك یان كتێبێك به‌شێوازێكی سوریالی وه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانتدا ده‌یكه‌یت جۆرێك نییه له ریسك بۆ نووسه‌ر؟
–بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌مه‌وێ به‌كورتی له سێ خاڵدا بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم. یه‌كه‌م: سوریالیزم به‌شێكه له ژیانی رۆژانه‌مان. ده‌شێ له هه‌ندێك شوێنی دنیادا رووداوه‌كان به‌پێودانی عه‌قڵ و لۆژیك بپێورێن، به‌ڵام له وڵاتی ئێمه‌دا لۆژیك نییه. هه‌موو شتێك هه‌ڵاوگێڕه، مرۆڤه هه‌ره ساخته‌چییه‌كان له ژوور و هه‌ره هۆشمه‌نده‌كانیش له ژێره‌وه‌ن. به‌های پێڵاوێكی كۆن زیاتره له كتێبێكی به نرخ و به‌هادار و بۆ شته‌كانی تریش. مه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه سوریالی نین؟
خاڵێكی تر لایه‌نه رۆحییه‌كه‌مانه، لایه‌نه گیانی و شاراوه‌كه‌مان. خه‌ون و خه‌یاڵ و نه‌ستمان. هه‌موو ئه‌مانه به‌شێكن له بزاوتی رۆژانه‌مان. رۆژانه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه پێنج سه‌عات ده‌خه‌وین. ئه‌و رووداوانه‌ی شه‌و له خه‌ونه‌كانماندا ده‌قه‌ومن. زۆر جار حه‌قیقه‌تی ژیانی ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ده‌رده‌خه‌ن. ئه‌و ساتانه‌ی نووسه‌ر له خه‌ون و خه‌یاڵدا ده‌یانبینێت پێویسته له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیدا ره‌نگبده‌نه‌وه. یان ئه‌وه‌تا خیانه‌ت له حه‌قیقه‌تی خۆمان ده‌كه‌ین و به ته‌نیا به یه‌ك روانگه و نیگا سه‌یری ژیانی خۆمان ده‌كه‌ین نه‌ك به دوان.
له خاڵی سێیه‌م: باسی چاوی سێیه‌م ده‌كه‌م، كه هه‌ر ئه‌وه‌یه چاوی نووسه‌ر. ئه‌م دۆخه‌ی هه‌یه هه‌موو كه‌سێك به چاوی سه‌ری خۆی ده‌یبینێت. به بۆچوونی من نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی قووڵایی دۆخه‌كه نیشان بدات پێویسته به چاوی سێیه‌م له ژیان بڕوانێت و وه‌ها بنووسێت. ئه‌و شتانه بنووسێت كه له‌به‌ر چاوانه، به‌ڵام كه‌س ئاوڕیان لێ ناداته‌وه، ته‌نیا ئه‌و ده‌توانێ بیانبینێت. ده‌شێ مه‌به‌ستی سه‌لڤادۆر دالیش هه‌ر ئه‌مه بووبێت، كاتێك ده‌یگوت: «كاتێك هه‌ردوو چاوه‌كانم ده‌نووقێنم، باشتر ده‌توانم دنیا ببینم.»
*له چیرۆكه‌كانتدا وا ده‌رده‌كه‌وێت زۆرتر له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاره خودییه‌كانی خۆتدای. جیاواز له رۆمانه‌كانت كه زیاتر ئازاری ده‌سته‌جه‌معی نه‌ته‌وه و هه‌ر مرۆڤێكه، بۆ ئه‌مه رات تۆ چییه؟
–ده‌شێ له روانگه‌ی تۆوه وا ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام لای من نه له چیرۆك و نه له رۆمانه‌كانمدا هیچ سنوورێك له نێوان من و كاره‌كته‌ره‌كانمدا نییه. هه‌ر كاره‌كته‌رێك، جا چ هی رۆمان بێت یان هی چیرۆك پارچه‌یه‌كه له رۆحی من و له جه‌سته‌ی ئه‌ودا دێت و ده‌چێت. هه‌ر كاره‌كته‌رێك شتێك له منی تێدایه. له هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندی و په‌یوه‌ستییه‌كی راسته‌وخۆی رۆمان و چیرۆكه‌كانم به ژیان و بایۆگرافیای منه‌وه نییه. سنووری من به‌گه‌یشتن به تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و كاره‌كته‌رانه ته‌واو ده‌بێت. به‌ڵێ، هه‌ندێك له خوێنی من له ده‌ماری ئه‌واندا دێت و ده‌چێت، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌وان ئه‌وانن و منیش منم. ئه‌مه باسێكی زۆر هه‌ستیاره. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئه‌و سنووره ده‌ستنیشان كراوه بشكێنێت، زیانێكی زۆر گه‌وره له هونه‌ری نووسینی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی ده‌دات. من بۆخۆم تا پێم بكرێت له‌و باره‌یه‌وه هه‌ستیار و هۆشیارانه مامه‌ڵه ده‌كه‌م. ئه‌وه مافی كاره‌كته‌ره‌كانی منه وه‌ك خۆیان بن و بیر بكه‌نه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، نه‌ك وه‌ك من.
*له نێو رۆمانه‌كانی تۆدا له هه‌موویاندا كاره‌كته‌رێك هه‌یه وه‌ك تارماییه، نادیاره، به‌ڵام هه‌یه. له‌هه‌ر رۆمانێكدا به‌جۆرێك ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ندێكجار وه‌ك ده‌ستێكی ئاسمانی دێت و له ته‌نگانه‌دا ده‌ستی كاره‌كته‌ری نێو كێشه و ئاریشه ده‌گرێت و ده‌ربازی ده‌كات، ئه‌مه بانگێكی میتافیزیكییه یاخود له ژیانی تۆدا هه‌میشه كه‌سێكی وه‌ها هه‌یه؟
–بوونی ئه‌و كاره‌كته‌ره به‌هۆكاری لێڵی و ته‌ماویی بوونی ژیانی ئێمه‌یه. زۆر شت له ژیاندا هه‌یه كه به‌جۆرێك له‌و كاره‌كته‌ره ده‌چێت، كه وه‌ك تارمایی سێبه‌رێك وایه. من ئه‌و كاره‌كته‌ره ناوده‌نێم هێزی شاراوه. مرۆڤ به‌دروستی نازانێت ئه‌مه چییه، به‌ڵام ده‌زانێت كه هه‌یه. زۆرجار رووداو رووده‌دات، ده‌بینی ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ته‌ك تۆ بێت، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕداریش بێت، ده‌ڵێت: بینیت چۆن خودا قوتاری كرد. كه‌سێكی باوه‌ڕمه‌ند ئه‌و هێزه شاراوه‌یه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خوداوه‌ند. ئه‌وه‌یش كه باوه‌ڕدار نه‌بێت روانگه‌یه‌كی تری بۆ ئه‌و رووداوه ناڕوونه هه‌یه. بۆ من ته‌وزیفكردنی ئه‌و هێزه شاراوه‌یه له نێو ئه‌ده‌بدا ئامرازێكی هونه‌ری و وێژه‌ییه و به‌دووره له‌هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی میتافیزیكی. وه‌ك چۆن له ژیاندا هه‌ندێك شت كه به‌دییان ده‌كه‌یت، به‌ڵام باش لێیان حاڵی نابین هه‌ن، هه‌ر ئاواش ده‌خوازم تێكستی وام هه‌بن. هه‌بوونی ئه‌و هێزه شاراوه‌یه ئه‌زموونێكی باشه بۆ خوێنه‌رانیش، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بیری لێ بكه‌نه‌وه و بپرسن ئاخۆ ئه‌مه چییه. له‌مه‌وه ده‌روازه له‌به‌رده‌م هه‌مه‌ڕه‌نگی خوێندنه‌وه‌كان و لێكدانه‌وه‌كانیش ده‌كرێته‌وه و هانی زیاتری خوێنه‌ر ده‌دات بۆ ئاشنابوون و تێگه‌یشتنی زیاتر. هه‌ر بۆیه خوێنه‌رانی من ئه‌وانه‌ن كه ژیر و هۆشمه‌ندن و تینووی زانینن. كۆمه‌ڵێ خوێنه‌ری هۆش وێڵ، ئه‌وانه‌ی كه ته‌نیا به‌دوای شتی ساده‌وه‌ن و ده‌یانه‌وێ كاتی به‌تاڵی خۆیان پڕ بكه‌نه‌وه ناتوانن بگه‌نه قووڵایی به‌رهه‌مه‌كانی من.
*ئاستی ئه‌ده‌بیاتی كوردی، له‌هه‌ر كام له پارچه‌كانی كوردستان بێت چۆن ده‌بینیت؟ ده‌توانین به ئه‌ده‌بیات شه‌ڕی دۆزی كورد بكه‌ین؟
–شه‌رڤانی هه‌ره باش له مه‌یدانی ئه‌ده‌بیاتدا ئه‌و كه‌سه‌یه كه به‌رهه‌می باش ده‌نووسێت. یه‌كێك له كۆڵه‌كه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی بوونی هه‌ر میلله‌تێك و ئاستی شارستانیان به‌ر له‌وه‌ی حیزبه سیاسییه‌كانیان بن، پێش ئه‌وه‌ی سوپا و سه‌ربازه‌كانیان بن، هونه‌ر و كه‌لتووریانه. من هه‌ر ته‌نیا نووسین به‌زمانیی كوردی وه‌ك به‌ره‌نگارییه‌كی گه‌وره ده‌بینم له دژی هه‌وڵی دوژمنان كه ده‌یانه‌وێ قڕمان بكه‌ن.
له‌باره‌ی ئاستی گشتی ئه‌ده‌بیاتی كوردیشه‌وه. من زۆر ئاگادار نیم، چونكه كاتێك ده‌گوترێ ئه‌ده‌بیاتی كوردی، ئه‌ده‌بیات به‌هه‌موو شێوه‌زاره‌كان دێته به‌ر زه‌ینی مرۆڤ. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له چوارچێوه‌ی ئاگاداری من ئه‌ده‌بیاتی كوردی له‌و بیست ساڵه‌ی دواییدا له‌سه‌ر ئاستی به‌رهه‌مداری نووسه‌ران هه‌نگاوی باشی ناوه و به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتوو نووسراون. به‌ڵام جێگه‌ی داخه له ئاستی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا هێشتا كورد نه‌بۆته خاوه‌ن ستاتوویه‌تی بونیاتنه‌ر، كه ببێته بنه‌مای گه‌شه‌سه‌ندن و به‌ره‌و پێشچوونی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی. له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه هه‌موو ئه‌و ئیمكانییه‌تانه‌ی هه‌ن له ده‌ستی سیاسه‌تدان و سیاسه‌تی كوردانیش به هه‌موو ره‌نگ و لایه‌نی خۆیانه‌وه به‌رانبه‌ر پرسی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی خه‌مساردن و بێ سوودن. له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س خۆشبینم، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی گشتی ره‌شبینم.
*حه‌لیم یوسف به زۆر زمان ده‌خوێندرێته‌وه، كامه‌یان خه‌ونی تۆ بوو؟
–خه‌ریكه خه‌ونی به‌راییم كه‌مه كه‌مه دێته دی، كه به‌رهه‌مه‌كانی من له كرمانجییه‌وه بۆ شێوه‌زاره‌كانی تر بگوازرێنه‌وه. چونكه به‌ر له‌هه‌ر كه‌سێك من خۆم لێره ده‌بینمه‌وه. ئه‌مه مه‌یدانی سه‌ره‌كی منه. تاوه‌كو ئێستا به‌رهه‌مه‌كانی من به‌عه‌ره‌بی، فارسی، تاڕادده‌یه‌ك به توركیش بڵاوكراونه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه به‌رهه‌مێكم به ئینگلیزی و یه‌كێكم به ئه‌ڵمانی بڵاوبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام له وه‌شانخانه‌ی بچووك چاپ و بڵاوكراونه‌ته‌وه. هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م دۆخه بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌فراوانی رێگه له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مه‌كانی من بۆ زمانه ئه‌وروپییه‌كان بكرێته‌وه.
*نووسین به زمانی كوردی وای كردووه نووسرانی كورد له جیهاندا تا ئاستێك بڕۆن و بوه‌ستن، یاخود پێتانوایه ئه‌گه‌ر توانایی و به‌رهه‌می به‌پێز هه‌بێت زمان نابێته كێشه بۆ نووسه‌رانی كورد؟
–ئه‌مه باسێكی درێژ و فره ره‌هه‌نده. له چوارچێوه‌ی پرسی وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه و ناساندن له دنیادا بۆ نووسه‌رێك، كوردبوون بارێكی گرانه و پرسه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات. هه‌روه‌ها رێگه‌یه‌كی درێژتریشی له‌به‌ره. من به‌خێرایی باس له چه‌ند لایه‌نێكی ده‌كه‌م. پێگه‌ی سیاسی كورد چی بێت به‌هه‌مان روانگه‌ش سه‌یری نووسه‌ری كورد ده‌كرێت. لێره، به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، بۆیه نووسه‌رانی كورد له هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌ت و به‌شدارییانه‌ی له نێوان دامه‌زراوه و ده‌زگای وڵاتان هه‌یه بێ به‌شه. به‌چاوێكی جدییه‌وه سه‌یری زمان و كولتووری قه‌ده‌غه‌كراو و برینداری میلله‌تێكی پارچه‌كراو و بێ ستاتوو ناكرێت. نه‌بوونی ده‌زگای پسپۆڕ بۆ وه‌رگێڕان و له‌گه‌ڵیشیدا نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی و پاڵپشتی دارایی، هه‌روه‌ها نه‌بوونی وه‌رگێڕی پسپۆڕ ئه‌م كاره له مایه‌پووچبوون نزیك ده‌كاته‌وه. بۆیه له نێو كوردا ئه‌گه‌ر نموونه‌ی سه‌ركه‌وتووش هه‌بن هه‌موویان به‌هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی خودی نووسه‌ره‌كان خۆیانه. ئه‌مه واده‌كات له نێو ده‌یان نووسه‌ری كورددا كه شایانی ئه‌وه‌ن وه‌ربگێڕدرێن و له دنیا بناسرێن، ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك كه ده‌رفه‌تیان بۆ ده‌ڕه‌خسێ ده‌توانن له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتووبن. له نێو كوردا زۆر نووسه‌ری سه‌ركه‌وتوو هه‌ن كه شایانی ئه‌وه‌ن به‌رهه‌مه‌كانیان به‌زمانی گه‌لانی دنیا بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێ به‌ژماره زۆر كه‌من.
*ئه‌گه‌ر حه‌لیم یوسف نووسه‌ر نه‌بوایه، چ نازناوێكی دیكه‌ی ده‌بوو؟
–زۆر حه‌ز به مۆسیقا و گۆرانی ده‌كه‌م. خۆزگه ده‌نگم خۆش ده‌بوو. دوای ئه‌ده‌بیات گۆرانییه كوردییه‌كان ده‌روونم ئارام ده‌كه‌نه‌وه.
*هیچ كارێكی تازه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌یه؟
–به‌ڵێ، دوای ده ساڵ له ده‌رچوونی كتێبی «ئاوسله‌نده‌ر به‌گ-2011» كه كۆمه‌ڵه چیرۆك بوو، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا ده‌ستنووسی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی تازه‌م بۆ وه‌شانخانه‌ی په‌یوه‌ند نارد له وان. به‌م زوانه چاپ و بڵاوده‌بێته‌وه. ئه‌و كتێبه تازه‌یه‌م چیرۆكه.
سوریالیزم‌و ئەندێشەکاری لە چیرۆکی (لەداردانی لووتێک)ی حەلیم یوسف‌دا
سوریالیزم‌و ئەندێشەکاری لە چیرۆکی (لەداردانی لووتێک)ی حەلیم یوسف‌دا
محەمەد سەرابی
Mohamed Serabi
سەرەتا
کۆمەڵە چیرۆکی (ژنانی نهۆمە بەرزەکان) یەکێکە لە کۆمەڵە چیرۆکەکانی ڕۆماننوس‌و چیرۆکنوسی ڕۆژئاوای کوردستان، حەلیم یوسف. بە گشتی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، یەکێکە لەو کۆمەڵە چیرۆکانەی دەچنە خانەی ڕێبازی سوریالیزمەوەو کەمتر دەتوانین بە تێماو سیمایەکەوە بیبەستینەوەو وێنەکان کورت‌و تیژتێپەڕن. ئەم چیرۆکانە ئەگەر واقیعی ئەو کۆمەڵگایەش بووبن کە نووسەر تێیدا ژیاوەو گەورەبووە، بەڵام ئەو واقیعە لەتێکەڵبوون بە رۆح‌و ناخی نووسەر شێوەی دیکەو گوزارشتی دیکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، کە وێنەی سوریالیین. جۆرێکە لە رووتبوونەوەی نووسەرو دەرکەوتنی ماک‌و کاریگەری ئەو زوڵم‌و نەهامەتی‌و ئاستەنگانەی دونیای واقیع لەودا چاندوویەتی‌و ئەمەی لێوە بەرهەمهاتووە. نوسەر خۆی لە پێشەکی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا دەنوسێت: من پێوستیم بە گەڕانێکی هەروایی بەنێو کۆڵانەکانی گیان‌و هۆشمدا هەبوو. لەباتی ئەوەی ڕووی کامیراکەم بکەمە کۆڵانی شارەکان‌و دیمەنی وەک چیرۆک کۆبکەمەوە، دەبوو ڕووی کامیراکەم بکەمە شوێنە پەنهان‌و نابەرچاوەکان، ماکی ئازار، ژانی دڵ‌و چاوگەی ئەو پشێوییەی کە ئاگرەکەی قووڵایی ناخی دەسوتاند. ناخم منیا ماڵێکی دوو ژوور بوو، ژوورۆچکەی دڵ، هەست‌و گیان‌و ژوورۆچکەی مێشک، زانین‌و بیروباوەڕو هۆش.۱ هەروەک نوسەر خۆشی لەدرێژەی پێشەکەییەکەیدا ئاماژەی پێدەدات، کلیلی کردنەوەی دەرگەی ئەو دوو ژوورۆچکەیەش وێژەبوو، ئەدەبییات بوو، ئەم کۆمەڵە چیرۆکە دەبن.
ئەندێشە وەک کەرەستەیەکی کاراو بنەڕەتی قوتابخانەی سوریالیزم، بەهەمان شێوە لەم کۆمەڵە چیرۆکەشدا کەرەستەیەکی بنەڕەتی و گرنگەو لە چەندین ئاست‌و لایەنی چیرۆکەکاندا، ڕۆڵی کارای بنیادنەرانەی هەیە. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگەو لەسەری دەوستین، چیرۆکی (لەداردانی لووتێک)ە، کە یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیەو ئەندێشە تێیدا یەکیکە لە کەرەستە بنەڕەتییەکان، کە چیرۆکنوس لە بنیاتنانی چیرۆکەکەیدا پشتی پێبەستاوە، کاریگەری ئەم کەرەستەیەش لەچەندین ئاستدا دەردەکەوێت، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینان بدەین، ئەوانیش بە تایبەتی (گێڕانەوە، زمان، تێما)ن.
گێڕانەوەو ئەندێشەکاری
بێگومان تەکنیکەکانی گێرانەوە یەکێکە لە خاڵە گرنگ‌و بایەخدارەکانی هەر دەقێکی گێرانەوەیی‌و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی چۆنێتی‌و شیوازی گێرانەوەی هەر دەقێک، سەرکەوتنی بەشیکی زۆری دەقەکە دەردەخات. ئەوەی لەم چیرۆکەدا پشتی پێبەستراوە، ئاوێتەکردنی دوو جۆری سەرەکی گێڕانەوەیەو هەر ئەم ئاوێتەکردنەش، ئەگەرچی پەیوەند بە ئەندێشەوە، ئەندێشەیەکی فراوان‌و کاریگەری پێویستە، هاوکات لە هەندێک شوێنی دەقەکەدا بە زیان بۆ دەقەکە شکاوەتەوەو ئاستی چنینی دەقەکەی بە ئاراستەیەکی لاوازدا بردووە.
گێڕانەوەی مەنەلۆگی‌و پۆلی‌فۆنی، دوو شێوازی گێرانەوەیەو حەلیم یوسف دەقەکەی لەسەر بنیاتناوە. مەبەست لە گێڕانەوەی مەنەلۆگی، دیالۆگی زاتی کارەکتەرێکە لەگەڵ خودی خۆیدا. لەم چەشنە گێڕانەوەیەدا، کارەکتەر لەگەڵ خۆیدا دەدوێت‌و گەڕانەوەو ڕۆچوونە بەناو ناخ‌و نەستی خۆیدا. ئەم شێوازەیش لە گێڕانەوە یەکێکە لە سیما سەرەکیەکانی چیرۆکی نوێ، وەک مۆدێلێکی تازە، بە هۆیەوە دەتوانرێت کات و شوێنەکان بگۆڕێن‌و ڕووداوی لاوەکیش بێنە ئاراوە کە زیان بە ڕووداوی سەرەکی نەگەیەنن.
چیرۆکنوس لە خستنەڕووی ئەم چەشنە لە گێڕانەوەدا، هەر وەک لە دەقەکەی حەلیم یوسفیشدا بەدیدەکەین، دەخوازێت ناخی کەسەکەو بیرە تایبەتییەکانی بخاتە بەردەم خوێنەر. ئەم شێوازە لە تەکنیک، بایەخییەکی زۆری هەیە لە چیرۆک‌و ڕۆمانی نوێداو لە ڕێگەیەوە دەکرێت کارەکتەرێک، ببێتە نوێنەری کۆمەڵێک و لە سایکۆلۆژیاو سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵێک تێبگەین.
هەرچی گێڕانەوەی پۆلی‌فۆنی-یشە، وەک باسی لێدەکرێت، بەر چەندین گوتار و فۆرمی هۆشیاری جیاواز دەکەوین. ئەو گوتار‌و فۆرمانەی هۆشیاری وێنەی کۆمەڵگەیەکی کراوە دەهێننە بەرچاومان کە جیاوازی لە دیارترین سیماکانی پیکەوە ژیانە تیایاندا، کۆمەڵگەیەکە توانای دیالۆگی لەناو خۆیداو لە گەڵ دەرەوی خۆیدا هەیە. تێگەیشتن لە گێڕانەوەی پۆلی‌فۆنی ئاسانترە وەک لە مۆنۆلۆگی، چونکە مۆنۆلۆگی داخرانە بەسەر خۆیدا، لەکاتێکدا پۆلی‌فۆنی کرانەوەیە بەسەر خۆیدا. هەر بەهەمان شێوەی لەبەدەستهێنانی زانیاری‌و تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی کراوەو داخراو ئاستەنگ‌و زەمینەسازی هەیە، بەهەمان ئەندازەش گێڕانەوەی مۆنۆلۆگی تێگەیشتنی سەختەو گێرانەوەی پۆلی‌فۆنی تێگەیشتنی چێژ بەخش‌و لەبارە.۲
بە خوێندەوەی دەقەکەی حەلیم یوسف، لەسەرەتادا وەرگر بەر جۆرێک لە گوتار دەکەوێت‌و بەئاسانی لە ئەوە تێدەگات، کە سەرەداویی گێڕانەوە لە دەستی نوسەر خۆیدایە. لە دەستپێکی چیرۆکەدا نوسەر جۆرێک لە تێڕوانین لەبارەی تێمای دەقەکەوە دەردبڕێت، کە ژیان و مردنە لە کۆمەڵگاکەیداو بەتەواوەتی کات‌و شوێن‌و کارەکتەری دەقەکە تێیدا ونەو نوسەر دەنگی خۆی زاڵ کردووە: ((لەگەڵ ئەوەشدا کە مردن سبەیڕۆێی هەر کەسێکە، بەڵام گەلێ جاران بێهۆشی زیندووەکان وادەکات کە بەتەواوی مردووان لەبیر بکەین. ئەو شتەی کە لە جیهانی ئێمەوە مردووەکان دەبات، ئەفسانەیەک نییەو نە نوکتەیەکیشە)).۳
بەڵام لە دێژەی چیرۆکەکەدا، نوسەر گێڕانەوە بە کارەکتەرە سەرەکییەکەی دەقەکەی (کەریمی میدی) دەبەخشێت‌و دەنگی خۆی بە تەواوەتی وندەکات. ئەم بەخشینەش لەژێر ناونیشانێکی نوێ‌دا، کە بریتییە لە (مەنەلۆگ لە گازینۆی مردووان‌دا)، دەکات‌و ئەمەش بەتەواوەتی بۆ خوێنەر ئاشکرادەکات. کارەکتەری سەرەکی لەم بەشەی چیرۆکەکەدا بەتەواوەتی لە دەروونی خۆی دەدوێت‌و لەشیوەی گۆڕێکی پڕ لە مارو مێروو وێنای دەکات. ئەوەی لەبارەیەوە دەدوێت، بەتەواوەتی ئەوەیە لە جیهانی نەستەوە دێت‌و لە خەیاڵێکی بەرزەفڕەوە خۆی دەنوێنێت. بێگومان ئەمەش تایبەتمەندییەکی هەر دەقێکی سوریالییە، واتە ڕەتکردنەوەی واقیع‌و خۆدانە دەست نەست‌و ئەندێشە.٤ وەک لە پەرەگرافێکی ئەم بەشەدا هاتووە: ((پەنجەکانم شتێکی نەرم و لینج دەگوشن، دەری دێنم، لێی ڕادەمێنم. مارمێلکەیەکی مردوو لەبەرپێم دەکەوێتە سەر عەرز. دڵم تێکهەڵدێ. لە گیرفانەکەی دیکەمدا دەگەڕێم. شتێکی وشم دەرهێنا، گوشیم، کولـلەیەک بوو و کوشتم. لەشم ڕادەگوشرێتە نیۆیەک، دەمەوێت دواین قیژە بکەم، دەمارەکانم چک دەبن.{…} جگە لە قەلەڕەشێکی قیغکەر لەسەر کەولە جێهێڵدراوەکان هیچ شتێک لەم وڵاتە نەماوەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا من نەمزانیبوو، کە ئەو کوخە کاولبووە منم، هەناوی منە)).٥ نوسەر لەم بەشەی گێڕانەوەکەیدا، بە خەیاڵ خوێنەر پەلکێشی دەروونی کارەرکتەرەکەی دەکات‌و لەمسی جیهانێکی تەواو ئەندێشەیی پێ دەکات‌و بەتەواوەتی لە جیهانی واقیع دایدەبڕێت.
ئەوەی گرفت بۆ دەقەکە دروست دەکات، لەم بەشەو چەند بەشێکی دیکەی چیرۆکەکەدا، بەبێ گێرادان‌و پێکەوە بەستنەوەیەکی تۆکمە، گێڕەرەوەی پشت دەقەکە گۆڕانی بەسەردا دێت‌و خوێنەر خۆی لەسەر زەمینێکی دیکەی ڕوداوەکاندا دەبینێتەوە. بەشێوەیەک (کەریمی میدی) بەردەوامە لەسەر مەنەلۆگەکەیی‌و بێ هێچ گرێدانێک، یان دانانی ناونیشانێکی نوێ، دەنگی نوسەر دەردەکەوێت‌و دەنگی (کەریمی میدی) پەرازوێزدەخرێت. ئەمەش بە زیان بۆ دەقەکە دەشکێتەوە، بەوپێیەی دەقەکە کەشێکی سوریالی بەسەریدا زاڵەو نوسەر بەو گەمەکردنەیەی لە نێوان جیهانە ئەندێشەیی‌و جیهانی واقیعدا، زیان لە ئاستی گێڕانەوەی دەقەکەی دەدات، کە ڕەنگە ئەگەر تەنها لە جیهانە ئەندێشەییەکەدا بمایاتەوەو دەنگی گێڕانەوەی لە کارەکتەرەکەی نەسەندایەتەوە، دەقە تۆکمەتر دەربکەوتایە. لە لایەکی دیکەوە، ئەمە بۆ ئاستی بنیاتی گێڕانەوەکەی دەگەڕێتەوە، کە وەک گوتمان، لە لایەکەوە دەقەکە لەسەر گێڕانەوەیی مەنەلۆگی بیناتنراوە، لە لایەکی دیکەوەکە گێرانەوەی پۆلی‌فۆنی، کە زیاد لە دەنگ‌و گێڕەرەوەیەکی پشت دەقەکە لەخۆدەگرێت.
زمان‌و ئەندێشەکاری
ئەدیب بۆ ئەوەی دەقێکی تۆکمەو ئەزموونێکی سەرکەوتوو بنیات بنێت، پێویستە پێش هەرشتێک خاوەنی زمانێكی ئەدەبی‌و شیعریانە بێت، بۆ ئەوەی دەقێکی تۆکمە بەرهەمبهێنت‌و چێبکات. سەرکەوتنی ئەم ئەرکەش پێش هەرشتێک لە ناسینی زمانەوە دێت، بەو پێیەی زمانی هەر کۆمەڵێک خاوەنی چەند نۆڕمی باو‌و لەسەرڕێکەوتوون، چ لە ئاستی وشەو سینتاکس، چ لەسەر ئاستی واتا‌و پەیوەندیی واتایی وشەکان لە فەرهەنگی هەر زمانێکدا. هەنگاوی یەکەم گواستنەوەی زمان لە زمانێکی ئاسایی خەڵکییەوە بۆ زمانێکی ئەدەبی، یاریکردنە بەو ڕێسا‌و نۆرمە باوانەی زمان‌و دروستکردنی پەیوەندی نوێیە لەو ئاستانەدا. یاریکردن بە نۆرمە باوەکانی وشەو سینتاکس، یاخود تێکشکاندن‌و دووبارە خوڵقاندەوەی نۆرمی نوێ، زیاتر لە ژانری شیعردا پشتی پێدەبەسترێت‌و دروستکردنی پەیوەندی نوێی واتایی زیاتر لە چیرۆک‌و ڕۆمانی نوێ‌دا، وەک ئەوەی لە چیرۆکەکەی حەلیم یوسف‌دا بەدیدەکەین.
خاڵی کاریگەرو بایەخداری دەقەکەی حەلیم یوسف، لەم هەنگاوە گرنگەوە دێت کە ئاماژەمان پێدا. نوسەر لە چیرۆکەکەیدا پشت بەست بە ئەندێشەیەکی کاریگەر، هاوکات بەو پێیەی بەشێکی زۆری چیرۆکەکەی دووانە لە دەروونی دیووە پەنهان‌و شاراوەکانی دەروونی کارەکتەرەکەی، بەر چەندین پەیوەندیی نوێی زمانی دەکەوین، کە دروستکردن‌و کۆکردنەوەی بەیەکەوە، کارێکی هەروا ئاسان نییە، هەر ئەمەش زمانی دەقەکە، دەکاتە خاوەن زمانێکی ئەدەبی ئەندێشەیی‌و دروستبوونی چەندین وێنەی ئەدەبی لە سیاقی دەقەکەدا: ((ئەز کەریمی میدیم، دەڕۆم، دەستم بەردەبێتەوە، بە دەستەکەی دی هەڵی دەگرم، دەیگەڕێنمەوە شوێنەکەی خۆی. هاوکات بە ئەنیشکمەوە دەبێتە بنێشت‌و پێوەدەلکێت. بەباشی یەک ناگرێتەوە. دەمەوێ دیسان لەجێی دەریبێنمەوە، ناتوانم. ڕێڕۆشتم درێژە پێدەدەم. کەلە سەرم لە پێش خۆمەوە غل دەبێتەوە. ڕا دەکەم‌و بە دوای دەکەوم)).٥ هەر بۆیە زمان لەم دەقەدا، زۆرجار لە ئاستی (خۆشی زمانیی) دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی (سەرخۆشی زمانیی)و خوێنەر نەک هەر چێژ لە زمانی گێڕانەوەی دەقەکە دەبنێت، بەڵکو هەست بەو چێژەش دەکات و لە زۆر شوێندا، لەبەردەم وێنەکانیدا سەرسام دەبێت. بێگومان بەجێگەیاندنی ئەرکی وەها، بێ ئەندێشەیەکی داهینەرانەو فراوان مەحاڵە.
تێماو ئەندێشەکاری
لەم چیرۆکەدا کەریمی میدی وەرەمێکە بە جەستەی کۆمەڵگایەکەوە کە هەمیشە دەیەوێ خۆی بێ کێشەو ئارام نیشانبدات، کۆمەڵگایەک کە ترسی لەوە هەیە بێدەنگی خەڵکەکەی بشلەقێ‌و کەسێک پەیدا ببێت(درک) بکات. درککردنی کەریمی میدی بۆ چاندنی درەختێک لەنێو ئەو کۆمەڵگا سیس‌و زەردبووەدا سەررگەردانی دەکات، چونکە هەوڵەکانی کەریم وەک بەردێکە فڕێ بدرێتە نێو گۆمێکی مەنگ. وەک هەڵکردنی چرایەکە لە تاریکیدا. لەم چیرۆکەدا کەریمی میدی پەیامبەری دونیایەکی جیاوازترە. لووت ئامرازی درککردن-راستترە بڵێین هەستکردن-یەتی بە بۆگەنبوونی کۆمەڵگا.
ئەم چیرۆکە گوزارشت لە دۆخی کۆمەڵگایەک دەکات کە تێیدا سیستمێکی تۆتالیتا‌ر حاکم‌و سەردەستە. سیستمێک کە جیاوازتر لە سیستمی دیکتاتۆری کەمجار دەتوانین ماکی کردەوەکانی دەستنیشان بکەین. لەم چیرۆکەدا لێدەگەڕێ تا مەودایەک کەریمی میدییەکان بژین، بەڵام سات لەدوای سات ڕیشەکێشیان دەکات. ئەویش بەو رێکارەی کە ئەو ئاژەڵانەی گیاخۆرن نیشتیمانپەروەر نیشانبدات. ئەمەش پێچەوانەی خەون‌و ویستی کەریمە. یاخود دروستترە بڵێین دژی بیری بیرکەرەوەو درککردنە.
دابینکردنی ئالیک، دروستکردنی پارت و حیزبگەلێک بۆ ئەوەی هەوڵی نەهێشتنی قامچی بدەن، کارکردێکی راستەوخۆی سیستمە بۆ پێش‌گرتن لە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانی ڕەنگ‌و سیمای ئەو دۆخەی کۆمەڵگا تێیدا دەژی. ئامرازەکانی سیستم و دەسەڵاتیش بەردەوام ناڕاستەوخۆن.
حەلیم یوسف لە بەشێکی چیرۆکەیدا دەڵێت: ((گوناهی تاوانباری هەرە مەزن ئەوەیە منداڵێک فێرە خوێندنەوە بکەیت)).٦ رەنگە ئەمە یەکێک بێت لە پایەکانی ئەم چیرۆکە، کە دەتوانێ باشتر گوزارشت لەخۆی بکات، ئەم رستەیە وەک بەرەنجامی چیرۆکەکەش دەرێ بیخوێنینەوە، بەرەنجامی چیرۆکی هەوڵەکانی میدی بۆ سەوزکردنی دونیا، بۆ گۆڕینی ئەو دونیا زەردو سیسەی کە ئەو لە رێگەی لووت‌و بۆنکردنەوە درکیکرد لە چ پاییزێكی وشک‌و برینگدا دەژین.
بێگومان ئەمە ئەگەر خوێندەوەیەکی خێرابێت، بۆ ئاستی گشتی چیرۆکەکەو وێناکردنی گشتی دەسەڵات‌و کۆمەڵگا بە گشتی، ئەوا بە وردبوونەوە لە کۆی بەشەکانی چیرۆکەکەو ڕۆچوون بە دەروونی کارەکتەری سەرەکی (کەرییمی میدی)دا، دەتوانین لە چەندین لایەنی دیکەوە خوێندنەوە بۆ ئەو فەزا ئەندێشەیی‌و وێنە سوریالییە بکەین، کە چیرۆکنوس لە چیرۆکەکەیدا دەیخاتەڕوو.۷
وێناکردنی دەروونی (کەریمی میدی)، بە گۆڕێگی تاریک، یان کوخێکی بێ دەرگاو پڕ لە گرێ‌و مارو مێروو، دەشێت خستنەڕوو و ڕۆچوونبێت، بە دەروونی تاکی کۆمەڵگاکەی، یان کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا بێت بە گشتی، کە خاوەن دەروونێکی پڕ گرفت‌و گرێی سایکۆلۆجیین لەسەر ئاستی تاک‌و لە وێنەیەکی گەورەتردا پڕ گرێی سایکۆلۆجی‌و بایۆسایکۆلۆجی دەستەجەمعین: ((ئەوە کێیە منی خستووەتە نێو ئەم کوخە چەپەڵەوەو دەرگای لێ گرتووم؟ ئەز کەریمی میدیم، دەستەکانم لە دیوارە قەڵشیوەکە گیردەکەم، تاوەکو دەرگایەکم بەڕوودا بکرێتەوە. وەنەبوو بەسەر شتێکەوە هەڵبێم. لەگەڵ ئەوەشدا کە نەخەوتووم، بەڵام دەتوانم لەش و جلکەکانم، ڕوحە ڕاکشاوەکەم ببینم. هەست بەوە نەکردبوو کە چۆن مووەکانی ناوچەوانم درێژبوونە. دەمەوێ هەستمەوە، سەرم بە بنمیچە گەنیوە نزمەکە دەکەوێت. {….} لەگەڵ ئەوەهەموو ئەمانەشدا نەمزانییوە، کە ئەو کوخە کاولبووە منم، هەناوی منە)).۸
ئەم وێناکردنەی حەلیم یوسف و زۆر وێنەی دیکەی سووریالی چیرۆکەکە بۆ دەروونی کارەکتەرەکەی، تێڕوانینی (د. محەمەد تەها حوسێن)مان بەیاددێنێتەوە بۆ تاکی کوردی. (د. محەمەد) لەژێر ڕۆشنایی تیۆری دەروونشیکاری (فرۆید)دا، وا دەروونی تاکی کورد شیکاردەکات، کە جوگرافیای (من)ی تاکی کورد بوونێکی پەرتبوو و وێرانی هەیە، کە خاڵییە لە عەقڵ‌و بەردوام جەمسەرێکی بەدەست (منی باڵا)وەیەو جەمسەیەرەکەی دیکەی بە دەست (ئید)ەوە، کە بوونێکی شەهوانی‌و کۆنتڕۆڵنەکراو و قاچاغی هەیە. ئەو لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی ئەم بابەتە ئاماژە بەئەوە دەکات، کاتێک کە تاک جارێک بە هەوەسی (ئید)و جارێکی دیکەش بە هەوەسی (سوپەر ئیگۆ) بجوڵێتەوەو نەتوانێت تەباییەک لە نێوان ئەم دوو هێزە دژە ئاراستەیەدا بدۆزێتەوە، مانای ئەوەیە نەبووەتە خاوەنی خۆی‌و نەیتوانیوە لە ڕێی عەقڵییەوە گەشە بکات‌و بچێتە ئەو ئاستەی ئەم توخمە، کە مەرجی سەرەکی و عەقڵانییەت‌و عاقڵبوونی تاکە، فەراهەم بکات.۹ ئەم چەشنەیش لەکاردن‌و خستنەڕووی دەروونی کارەکتەری چیرۆک، خۆی لەخۆیدا گرتنەبەری پرینسیپێکی بنەڕەتی سووریالییەو بەدیوێکی دیکەشدا بەتەواوەتی کارکردنە لە جیهانی ئەندیشەدا.
بێگومان بەو پێیەی چیرۆکەکە هەم لەسەر فرەدەنگی بنیاتنراوەو بە دوێکی دیکەشدا کاردنە لە جیهانی ئەندێشەو واقیعدا، چەندین ڕەهەندی سیاسی‌و سۆسیۆ-سایکۆلۆژیش لەخۆدەگرێت، کە دەکرێت وردتر‌و تایبەتی تر بخرێنەبەرباس. بەڵام ئەوەی گرنگەو بۆ باسەکەی ئێمەش جێگەی بایەخە، ئەو لایەنە ئەندێشەییانەیە کە لە چیرۆکەکەدا ڕەنگیداوەتەوەو بەکورتی لەسەری وەستاین، چونکە مەودا فراونتر کاری لەسەر بکەین، چەندین لایەن‌و ئاستێکی دیکە هەن، کە بۆ بنیاتنانی پشت بە کەرەستەی ئەندێشە بەستراوەو چیرۆکنوس چیرۆکەکەی پێهێناوەتە بەرهەم. کۆی ئەو تایبەتمەندیانەش وادەکات بڵێین، کە چیرۆکەکە هەم چیرۆکێکی سووریالییە، هەم ئەندێشەیی.
پەراوێز:
۱ٚ.حەلیم یوسف، ٢٠١٧، ل٦
۲.حسێن لەتیف، بڕوانە:
۳.هیمداد حوسێن،٢٠٠٧، ل٢٢٢
٤.حەلیم یوسف،٢٠١٧، ل٣٢
٥.سەرچاوەی پێشوو، ل٣٨
٦. سەرچاوەی پێشوو، ل٣٩
۷. لێرەدا سوود لە سەرەنجی وەرگێڕی چیرۆکەکە، فەرهاد چۆمانی وەرگیراوە.
٨. حەلیم یوسف،٢٠١٧، ل٣٢
٩.محەمەد تەها حوسێن،٢٠١٧، ل ٤٧
سووریا بەر و دوای کۆڵۆنیاڵیزم لە ئەنەتۆمیای وێژەیی لای حەلیم یوسف، لێکۆڵینەوە، فەرزان شێرە
سووریا بەر و دوای کۆڵۆنیاڵیزم لە ئەنەتۆمیای وێژەیی لای حەلیم یوسف
لێکۆڵینەوە، فەرزان شێرە
٢٠٢١، لە وەشانخانەی پەیوەند چاپ بووە.
بە زمانی کورديه