سۆبارتۆ - Halim Youssef

سۆبارتۆ

ئایار 29, 2021

سۆبارتۆ رومان ٢٠١٧

وەرگێڕانى وريا غه فوري

دەربارەی ڕۆمانی سوبارتۆ

هەژار مەجید

من خوێنەری مێژووم، مێژوو بە پلەی یەکەم بابەتی خوێندنەوەی منە، بەتایبەت مێژووی کۆن، بەدلنیاییەوە لە مێژووی کۆنیشدا، مێژووی گەلی یەهودی و مێژووی جولەکە و سەرزەمینی کەنعان زۆر سەرنجم ڕادەکێشێت. بەڵام ئەوەی لە مێژوو زیاتر بەلای منەوە چێژبەخش و فێرکارترە، گێڕانەوەیەی مێژووییە، نەک بەوجۆرەی کە لەمێژوودا باسی دەکرێت. کاتێک مێژوو دەچێتە چوارچێوەیەکی ئەدەبییەوە و لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە مێژوو دەگێڕدرێتەوە، ئیتر من شێتانە ئەو گێڕانەوەیەم خۆش دەوێت. هەزاران نموونەی ئەو نووسەرانەی کە بەرگێکی ئەدەبی بە بەرمێژوودا دەبڕن هەیە و زۆربەی هەرە زۆریشیان نووسەری ناوداری جیهانی و کوردیشن. لەناو نووسەرە جیهانییەکاندا من زۆر سەرسامم بە تۆڵستۆی و بە ڕۆمەن ڕۆلان و بە نیکۆس کازانتراکیس و یۆسا و ئەمین مەعلوف و زۆری تریش. ئەلیف شەفەق بەجوانی ڕووداوێکی مێژووی وەک ژیانی مەولانامان بۆ دەگێرێتەوە. ئەمین مەعلوف ژیانی مانی پێغەمبەر و خەیاممان بۆ باس دەکات. لەناو نووسەرە کوردەکاندا، دەتوانم بڵێم هەموو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیش دەچێتە هەمان چوارچێوەی گێڕانەوەی مێژوو بە شێوازێکی ئەدەبی سەرنجڕاکێش و قووڵ، نابێ ماردین ئیبراهیم و محەمەد موکری و چەند نووسەرێکی تریشمان بیر بچێت. ئەوەی لێرەدا ئەمەوێ باسی بکەم حەلیم یوسفە. حەلیم یوسف لەگێڕانەوەی مێژوودا زۆر زیاتر بۆ کۆن دەگڕیتەوە و بە وردی ڕووداوە بچووکەکان دەستنیشان دەکات و لە چوارچێوەیت ئەدەبێکی سۆریالیدا بۆمان دەگێڕێتەوە. لەم سوبارتۆدا مێژووی گەلی سوبارتۆ و ڕووداوێکی بچوکی وەک سووتانی سینەمای شاری عامودێ دەکاتە تەوەری سەرەکی ڕۆمانەکە و لەنێۆ ئەم ڕووداوەوە هەموو مێژووی کوردمان بۆ باس دەکات. حەلیم بە قووڵی بەناو کۆڵانەکانی مێژوودا ڕۆدەچێت وسوتماک و ناسۆری کورد بە ئەدەب دەهۆنێتەوە. لەو شوێنەدا کە میژوو وەک زانستەکەی ناتوانێت هەست و ئیحساس و بیرکردنەوەکان بگێڕیتەوە، ئیتر ئەدەب فریای دەکەوێت و وەک شیعر و چیرۆک و ڕۆمان دەست دەکرێت بە هۆنینەوەی مێژوو. بەدڵنیاییەوە ئەو کتێبانەی کە بەمجۆرە مێژوو دەگێڕنەوە، بەهای دیکومێنتی زانستی مێژوویان نییە. بەڵام شێوازەکە بۆ ناساندنی مێژوو بە شێوەی حیکایەت و گێرانەوە کە خوێنەری زۆر زیاترە لە خودی مێژوو. ئێمەش ئەگەر بمانەوێت دونیا بە مێژووەکەمان شارەزا بێت، پێویستە لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە بیگێڕینەوە. خودی مێژوو بۆ دیکۆمێنت و گێڕانەوەی ئەدەبیش بۆ ناساندنی زیاتر.

دوو کتێبی حەلیم یوسف ڕۆژی شەممە ٢٥/ ٣ بڵاودەکرێنەوە کە هەردووکی پێشنیاری منە بە خوێنەرە بە ئەزموونەکان. ھەژار مەجید