ڕۆشنبیرانی عەرەب و کورد - Halim Youssef

ڕۆشنبیرانی عەرەب و کورد

ئه‌یلول 22, 2023

دیدی من – حەلیم یووسف
لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

19.09.2023

لەم پارچەنووسینەدا ناچمە ناو وردەکاریی هەڵوێستی ڕۆشنبیریی عەرەبی لە هەمبەر کورد و دۆزەکەیەوە. ئەم مژارە لێکۆڵینەوەی فراوانی پێویستە. هەروەها توخنی گێرەوکێشەی گۆڕەپانی سیاسی و هەڵوێستی نیوەسیاسەتمەدار و نیوەڕۆشنبیر ناکەومەوە. هەر هەڵوێستی چەند ناوێکی سەرەکیی چاند و وێژەی عەرەبی دەخەمە ڕوو، ئەمەیش وێنەیەکی گشتگیری ڕۆشنبیریی عەرەبییە.

هاوهەڵوێستیی داگیرکەرانەی عەرەب و تورک

هەر وەک چۆن هەندێک مێژووناس و لێکۆڵەری تورک هەوڵیان داوە کورد وەک «تورکی شاخستانی» بناسێنن و بڵێن پەیڤی کورد لە «کورت-کورت»ـی تەپەی پێیانەوە هاتووە کاتیک بەسەر بەفردا دەڕۆن، هەندێک مێژووناسی عەرەبیش هەوڵیان داوە کورد وەک بەشێک لە هۆز و خێڵی عەرەب دابنێن. بەم شێوەیە سیاسەتی داگیرکاری و پەیمانەکانی غەدر و کۆنگرە مێژووییە ناپاکەکان، کورد و کوردستانیان خستووەتەوە دەرەوەی مێژووەوە. لە سایەی بەرخۆدانی کوردەوە، جاروبار ناچارن سڵێک بکەنەوە. کاتێک ناچار دەبن بڵێن کورد هەیە، یەکسەر ئەمەی بۆ زیاد دەکەن: «خۆ وڵاتێک بە ناوی کوردستانەوە نییە». کاتێکیش ناچار دەبن بڵێن زمانی کوردی هەیە، یەکسەر ئەمەی بۆ زیاد دەکەن: «خۆ ئەوە زمانی ژیاری و نووسین نییە، نابێت ببێتە زمانی پەروەردە». گوتاری ڕۆشنبیریی عەرەبییش تا ڕادەیەکی زۆر خۆی بەم هەڵوێستە داگیرکارییە سیاسییە دەسپێرێت و لە بن سایەی دەرناچێت.

ئێدوارد سەعید، مەحموود دەروێش و محەمەد ماغووت

ئێدوارد سەعید پشتگیریی هەموو گەلانی ژێردەستەی دەکرد و دەنگی خۆی دژی ستەمی سەر کۆمەڵگاکان لە ژێر زۆرداریدا هەڵدەبڕی. هەر لە فەڵەستینەوە تا بۆسنە و هەر لە چیچانەوە تا نیکاراگوا ناڕەزایەتیی دەردەبڕی کەچی دژی ئەنفال، گۆڕی بەکۆمەڵ و بگرە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە متەقی لێ نەهات. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو لەو دەمەی ھەموو کەسێک لە سەرانسەری دنیا ئەم کۆمەڵکوژییەی شەرمەزار دەکرد، نووسەری ئێراقییش کەنعان مەکیە هەواڵەکەی بڵاو دەکردەوە کەچی ئێدوارد سەعید ئەوی وەک بڵاوکەرەوەی هەواڵی چەواشە و درۆ ناودێر دەکرد.

ئێدوارد سەعید بۆ پشتگیریی منداڵی فەڵەستینی بەردی لەگەڵدا دەهاویشتن، کەچی ھەواڵی کوشتنی منداڵی کوردستانی وەک ھەواڵی درۆ ناودێر دەکرد و بڕوای نەدەکرد منداڵی کورد بە گازی کیمیاییی ڕژێمێکی عەرەب دەخنکێن.

مەحموود دەروێش بە ھۆی ھاوڕێیەتیی لەگەڵ سەلیم بەرەکاتدا زۆر جار ھەڵبەستی بۆ کورد و کوردستان هەڵبەستووە، کەچی سەروەختێک کۆبەرهەمەکی چاپ کرد، هەموو ئەو هەڵبەستانە و بە تایبەتی هەڵبەستی «کوردستان»ـەکەی لێ دەرهاویشت، کۆبەرهەمەکەی بەبێ ئەو هەڵبەستانە بڵاو بوونەوە. هەر خۆی دەکردە خاوەنی ئەو هەڵبەستانەی لەسەر هاوڕێیەکی کوردین، ئەوانەی خزمەتی زمانەکەی و دۆزی فەڵەستینەکەی دەکەن. سا ماوەیەکی کەم بەر لەوەی دواکۆچ بکات، مەحموود دەروێش لە بەرلین پێی گوتم: «ئێوە جەماعەتەکەی سەلیم بەرەکاتن، خۆشم دەوێن.» وا دیار بوو هەڵوێستی مەحموود دەروێش بەرامبەر دۆزی کوردستان لەسەر بناغەی بیر و باوەڕ دانەنرابوو، هەڵوێستەکەی لە ویژدانەوە سەرچاوەی نەگرتبوو بەڵکوو لە ئاکامی خۆشویستنی دۆستێکیەوە هاتبووە ئاراوە.

لە لایەکی تریشەوە، موحەمەد ماغووت هێرشی دەکردە سەر سەلیم بەرەکات و ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرت پتر کوردە نەک عەرەب.

سەلیم بەرەکات بە عەرەبی دەنووسێت و پەسنی زمانی عەرەبی دەدات و وەک وڵاتی خۆی ناوی دەبات و دەڵێت زمانی عەرەبی ماڵ و وڵاتیەتی؛ خزمەتی چاندی عەرەب و دۆزە سیاسییەکەیان –بە تایبەت دۆزی فەڵەستین– دەکات؛ گەیشتووەتە ڕادەیەک پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕێکخستنە فەڵەستینییەکانەوە هەبوو و پەسنی یاسر عەرەفاتی سەرۆکیانی دەدا. ئەمانە هەمووی بۆ محەمەد ماغووت بەس نەبوون تا لێی ڕازی ببێت، دەیویست سەلیم بەرەکات سەداسەد وەک عەرەبێک هەڵسوکەوت بکات.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە زۆرینەی نووسینەکانی ماغووت دژی عەرەب و عەرەبایەتین، کەچی کاتێک تووشی کوردێک دەبێت، داوای لێ دەکات سەداسەد ببێتە عەرەب، دەنا ناڕەزایەتی بەرامبەری دەردەبڕێت و ڕەخنەبارانی دەکات.

زەکەریا تامر و کوردستان

ڕۆژنامەوانی کورد خالید سڵێمان لە وتارێکدا بەسەرهاتی دیداری ڕۆژنامەوانێکی باشووری کوردستان بە ناوی فەرید زامدار و زەکەریا تامر لە شام دەگێڕێتەوە. کاتێک زامدار خۆی پێ دەناسێنێت و زەکەریا تامر ناوی کوردستان دەبیستێت، یەکسەر دەڵێت: «کوردستان چییە؟ ئێوە هەمووتان ئێراقین و وەک هەر هاووڵاتییەکی عەرەب ئێوەیش ئێراقین. ئەمەی ئێوە دەیکەن سیخوڕییە، ئێوە سیخوڕی داگیرکەرانن.»

زەکەریا تامر درێژەی پێ داوە:

«خۆتان مەخەنە ئاستی فەڵەستینییەکانەوە. ئێوە نە خاکتان هەیە، نە وەک فەڵەستینەکانیش هیچ وڵاتێکی داگیرکراوتان هەیە. هەروەها ڕژێمی ئێراقی حەقی خۆی بوو گازی کیمیاییی بەسەر هەڵەبجەدا کرد، چونکە ئێوە چەکتان لە دژی ڕژێم هەڵگرتبوو.»

زەکەریا تامریش وەک ئەو ناوانەی پێشوو لەم کورتەشرۆڤەیەدا بەرباسم داوە، ناوێکی سەرەکیی چاند و وێژەی عەرەبیی سەردەمەکەمانە. دیاردەیەکی تر لە پاڵ ئەم هەڵوێستە ئاشکرایانەوە هەیە: هەندێک ڕۆشنبیری عەرەب ئەو هەڵوێستە نەرێنییەیان بە شاراوەیی دەهێڵنەوە. ئەمەیش بە هاوکاریی هەندێک کوردی عەرەبینووسە. ڕۆشنبیرێکی عەرەب دەچێت کوردێکی مێشک‌-عەرەب وەک دۆستی نزیکی دەستنیشان دەکات، دواتر لە ڕێی کەسی لەم جۆرەوە خۆی وەک «دۆستی کورد» نیشان دەدات. کاتێکیش باسی کورد دێتە ئاراوە، چارەسەرەکەی لە کڵێشە و پەیڤی لیخنی وەک «مافی هاووڵاتیبوون»ـدا دەبیننەوە.

بەم شێوەیە لە بارەی کورد و کوردستانەوە، گۆڕەپانی ڕۆشنبیریی عەرەبی بە هەموو پانتاییەکانیەوە وەک بیابانەکانی عەرەبستان چۆڵوهۆڵە و هەڵوێستی ڕەسەنی ڕۆشنبیریی تێدا سەوز نەبووە.

سەرچاوە: 

Rewşenbîrên ereb û kurd, Helîm Yûsiv, 11/08/2023, Diyarname.com (Ji Kurmancî bo Soranî: Jiyar Homer)