پێشەکی بۆ چاپی سۆرانی – “ژنانی نهۆمە بەرزەکان” - Halim Youssef

پێشەکی بۆ چاپی سۆرانی – “ژنانی نهۆمە بەرزەکان”

ته‌مموز 9, 2021

پێشەکی بۆ چاپی سۆرانی

“ژنانی نهۆمە بەرزەکان”

حەلیم یوسف

لە نجیرە چاپکراوەکانی کتێبەکانی مندا “ژنانی نهۆمە بەرزەکان” لەپاش کۆمەڵە چیرۆکی “پیاوی ئاوس” دووەم کتێبی منە. لە کتێبی “پیاوی ئاوس”دا من لە چواردەوری خۆم، لە عاموودە، زێدی خۆم، لە رەوش و دۆخی کۆمەڵگەی کوردی و خەڵکەکەی ورد بوومەوە و چیرۆکی ئەوانم نووسینەوە. هەندێکجار بە گاڵتە و پێکەنین و هەندێک کاتیش بە خەمگینییەوە گوێم بە سنگی ئەو کۆڵان و کووچانەوە دەنا کە تێیدا دەژیام و دەمنووسی. لە کاتی نووسینیشدا، لەمن وابوو کە ئازاری هەموو جیهان لەسەر شانی خۆم لادەدەم و دوای چاپبوونی ئەو چیرۆکانەش وەکو کتێب ئەهوەن دەبوومەوە. وەلێ وا دەرنەچوو وەک ئەوەی من تەخمین و پێشبینیم کردبوو، هۆکارەکەیش ئەوە بوو؛ کە من پێویستیم بە گەڕانێکی هەروایی “عفوی” بەنێو کۆڵانەکانی گیان و هۆشم هەبوو. لەباتی ئەوەی رووی کامێراکەم بکەمە کۆڵانی شارەکان و دیمەنی وەک چیرۆک کۆوەکەم، دەبوو رووی کامێراکەم بکەمە شوێنە پەنهان و نابەرچاوەکان، ماکی ئازار، ژانی دڵ و چاوگەی ئەو پشێویەی کە ئاگرەکەی قوڵایی ناخ دەسووتاند. ناخم مینا ماڵێکی دوو ژوور بوو. ژوورۆچکەی دڵ، هەست و گیان و ژوورۆچکەی مێشک، زانین، بیروباوەڕ و هۆش بوو. کلیلی کردنەوەی دەرکەی ئەو ماڵە دوو ژوورییە وێژە بوو، ئەدەبیات بوو، ئەم چیرۆکانە بوون. هەردوو ژوورەکەش بە ئاریشەی گەردوونی وەک فەلسەفە، زانست، بوون و نەبوون، مێژوو، سۆفیزم، مردن، ئازار، ئەڤین، خەیاڵ، تەنیایی و واتای ژیان و بەر لە هەموویانیش پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ژن و مێرد؛ پڕ کرابوون. هەروەها خەون، خەیاڵ، تەنیایی و مانای ژیان و بە دەیان پرسی هاوشێوە گوێچکەی گیانە شەکەتەکەی منیان گرتبوو و بەرەو بواری لێگەڕین و لێکۆڵینەوە رادەکێشا. لەپڕ خەونەکانی من تێکەڵ بە تێڕامان و روانگەی قارەمانانی ئەو پەرتووکانە دەبوون، کە دەمخوێندنەوە، دووپشکەکانی زانی ئاگری جەهلیان گەمارۆ دەدا، هەموو ئەمانە تێکەڵ بە ئازاری دڵی تاریک دەبوون، هەموویان بوونە کەروێشکی ترساو و لەنێو گرێ و رستەکانی ئەم چیرۆکانەدا دەچوون و دەهاتن. لەبەر ئەوە، وەک چن خوێنەرانی یەکەم کتێبم “پیاوی ئاوس” توانی بەبێ ئەوەی ئەو شارە ببینێت، بەنێو کۆڵانەکانی عاموودێ-دا بگەڕێ و شارەزا بێت، بەهەمان شێوە خوێنەرانی ئەم کتێبەش دەتوانن لەنێو کۆڵانەکانی گیان و کووچەکانی هۆش و مێشکی مرۆڤێکی برینداری ئەم سەردەمە بگەڕێ و شارەزا بێت. بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەی ئەم کتێبە هەڵیگرتووە، وادەکات کە پێویستی بە خوێنەرگەلێکی تایبەت هەبێت بیخوێننەوە. دڵخۆشم کە چیرۆکەکانی کتێبی “ژنانی نهۆمە بەرزەکان” بە کورمانجی خواروو یاخود وەک ئەوەی پێی دەگوترێ “سۆرانی” بڵاوببنەوە. من هەمیشە ئەوە دەڵێمەوە تاوەکوو نووسەرانی کوردی کورمانجینووس بە سۆرانی نەخوێندرێنەوە، بەهەمان شێوە نووسەرانی کوردی سۆرانینووس بە کورمانجی نەخوێندرێنەوە، ئەو نووسەرە هەروا بە نووسەری “نیوەکورد” دەمێنێتەوە و ناتوانێ ببێتە نووسەری کورد. بۆ کردنەوەی دەلیڤە و رێگە لەبەردەم ئەم کتێبەی مندا سوپاسگوزاری نووسەری کورد فەرهاد چۆمانیم، کە ئەم کتێبەی بەتایبەت لەنێو هەموو کتێبەکانی دیکەمدا هەڵبژارد. لە هەمان کاتدا سوپاسگوزاری ناوەندی رۆشنبیری ئەندێشەم، کە هەنگاو بە هەنگاو ئەو نیوە تەواونەکراوەی من، بەرهەم بە بەرهەم، بۆ من دەگێڕێتەوە و تەواوم دەکات.