سوریالیزم‌و ئەندێشەکاری لە چیرۆکی (لەداردانی لووتێک)ی حەلیم یوسف‌دا - Halim Youssef

سوریالیزم‌و ئەندێشەکاری لە چیرۆکی (لەداردانی لووتێک)ی حەلیم یوسف‌دا

حوزه‌یران 12, 2021

سوریالیزم‌و ئەندێشەکاری لە چیرۆکی (لەداردانی لووتێک)ی حەلیم یوسف‌دا

محەمەد سەرابی

Mohamed Serabi

سەرەتا

کۆمەڵە چیرۆکی (ژنانی نهۆمە بەرزەکان) یەکێکە لە کۆمەڵە چیرۆکەکانی ڕۆماننوس‌و چیرۆکنوسی ڕۆژئاوای کوردستان، حەلیم یوسف. بە گشتی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، یەکێکە لەو کۆمەڵە چیرۆکانەی دەچنە خانەی ڕێبازی سوریالیزمەوەو کەمتر دەتوانین بە تێماو سیمایەکەوە بیبەستینەوەو وێنەکان کورت‌و تیژتێپەڕن. ئەم چیرۆکانە ئەگەر واقیعی ئەو کۆمەڵگایەش بووبن کە نووسەر تێیدا ژیاوەو گەورەبووە، بەڵام ئەو واقیعە لەتێکەڵبوون بە رۆح‌و ناخی نووسەر شێوەی دیکەو گوزارشتی دیکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، کە وێنەی سوریالیین. جۆرێکە لە رووتبوونەوەی نووسەرو دەرکەوتنی ماک‌و کاریگەری ئەو زوڵم‌و نەهامەتی‌و ئاستەنگانەی دونیای واقیع لەودا چاندوویەتی‌و ئەمەی لێوە بەرهەمهاتووە. نوسەر خۆی لە پێشەکی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا دەنوسێت: من پێوستیم بە گەڕانێکی هەروایی بەنێو کۆڵانەکانی گیان‌و هۆشمدا هەبوو. لەباتی ئەوەی ڕووی کامیراکەم بکەمە کۆڵانی شارەکان‌و دیمەنی وەک چیرۆک کۆبکەمەوە، دەبوو ڕووی کامیراکەم بکەمە شوێنە پەنهان‌و نابەرچاوەکان، ماکی ئازار، ژانی دڵ‌و چاوگەی ئەو پشێوییەی کە ئاگرەکەی قووڵایی ناخی دەسوتاند. ناخم منیا ماڵێکی دوو ژوور بوو، ژوورۆچکەی دڵ، هەست‌و گیان‌‌و ژوورۆچکەی مێشک، زانین‌و بیروباوەڕو هۆش.۱ هەروەک نوسەر خۆشی لەدرێژەی پێشەکەییەکەیدا ئاماژەی پێدەدات، کلیلی کردنەوەی دەرگەی ئەو دوو ژوورۆچکەیەش وێژەبوو، ئەدەبییات بوو، ئەم کۆمەڵە چیرۆکە دەبن.

ئەندێشە وەک کەرەستەیەکی کاراو بنەڕەتی قوتابخانەی سوریالیزم، بەهەمان شێوە لەم کۆمەڵە چیرۆکەشدا کەرەستەیەکی بنەڕەتی و گرنگەو لە چەندین ئاست‌و لایەنی چیرۆکەکاندا، ڕۆڵی کارای بنیادنەرانەی هەیە. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگەو لەسەری دەوستین، چیرۆکی (لەداردانی لووتێک)ە، کە یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیەو ئەندێشە تێیدا یەکیکە لە کەرەستە بنەڕەتییەکان، کە چیرۆکنوس لە بنیاتنانی چیرۆکەکەیدا پشتی پێبەستاوە، کاریگەری ئەم کەرەستەیەش لەچەندین ئاستدا دەردەکەوێت، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینان بدەین، ئەوانیش بە تایبەتی (گێڕانەوە، زمان، تێما)ن.

گێڕانەوەو ئەندێشەکاری

بێگومان تەکنیکەکانی گێرانەوە یەکێکە لە خاڵە گرنگ‌و بایەخدارەکانی هەر دەقێکی گێرانەوەیی‌و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی چۆنێتی‌و شیوازی گێرانەوەی هەر دەقێک، سەرکەوتنی بەشیکی زۆری دەقەکە دەردەخات. ئەوەی لەم چیرۆکەدا پشتی پێبەستراوە، ئاوێتەکردنی دوو جۆری سەرەکی گێڕانەوەیەو هەر ئەم ئاوێتەکردنەش، ئەگەرچی پەیوەند بە ئەندێشەوە، ئەندێشەیەکی فراوان‌و کاریگەری پێویستە، هاوکات لە هەندێک شوێنی دەقەکەدا بە زیان بۆ دەقەکە شکاوەتەوەو ئاستی چنینی دەقەکەی بە ئاراستەیەکی لاوازدا بردووە.

گێڕانەوەی مەنەلۆگی‌و پۆلیفۆنی، دوو شێوازی گێرانەوەیەو حەلیم یوسف دەقەکەی لەسەر بنیاتناوە. مەبەست لە گێڕانەوەی مەنەلۆگی، دیالۆگی زاتی کارەکتەرێکە لەگەڵ خودی خۆیدا. لەم چەشنە گێڕانەوەیەدا، کارەکتەر لەگەڵ خۆیدا دەدوێت‌و گەڕانەوەو ڕۆچوونە بەناو ناخ‌و نەستی خۆیدا. ئەم شێوازەیش لە گێڕانەوە یەکێکە لە سیما سەرەکیەکانی چیرۆکی نوێ، وەک مۆدێلێکی تازە، بە هۆیەوە دەتوانرێت کات و شوێنەکان بگۆڕێن‌و ڕووداوی لاوەکیش بێنە ئاراوە کە زیان بە ڕووداوی سەرەکی نەگەیەنن.

چیرۆکنوس لە خستنەڕووی ئەم چەشنە لە گێڕانەوەدا، هەر وەک لە دەقەکەی حەلیم یوسفیشدا بەدیدەکەین، دەخوازێت ناخی کەسەکەو بیرە تایبەتییەکانی بخاتە بەردەم خوێنەر. ئەم شێوازە لە تەکنیک، بایەخییەکی زۆری هەیە لە چیرۆک‌و ڕۆمانی نوێداو لە ڕێگەیەوە دەکرێت کارەکتەرێک، ببێتە نوێنەری کۆمەڵێک و لە سایکۆلۆژیاو سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵێک تێبگەین.

هەرچی گێڕانەوەی پۆلیفۆنی-یشە، وەک باسی لێدەکرێت، بەر چەندین گوتار و فۆرمی هۆشیاری جیاواز دەکەوین. ئەو گوتارو فۆرمانەی هۆشیاری وێنەی کۆمەڵگەیەکی کراوە دەهێننە بەرچاومان کە جیاوازی لە دیارترین سیماکانی پیکەوە ژیانە تیایاندا، کۆمەڵگەیەکە توانای دیالۆگی لەناو خۆیداو لە گەڵ دەرەوی خۆیدا هەیە. تێگەیشتن لە گێڕانەوەی پۆلیفۆنی ئاسانترە وەک لە مۆنۆلۆگی، چونکە مۆنۆلۆگی داخرانە بەسەر خۆیدا، لەکاتێکدا پۆلیفۆنی کرانەوەیە بەسەر خۆیدا. هەر بەهەمان شێوەی لەبەدەستهێنانی زانیاری‌و تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی کراوەو داخراو ئاستەنگ‌و زەمینەسازی هەیە، بەهەمان ئەندازەش گێڕانەوەی مۆنۆلۆگی تێگەیشتنی سەختەو گێرانەوەی پۆلیفۆنی تێگەیشتنی چێژ بەخش‌و لەبارە.۲

بە خوێندەوەی دەقەکەی حەلیم یوسف، لەسەرەتادا وەرگر بەر جۆرێک لە گوتار دەکەوێت‌و بەئاسانی لە ئەوە تێدەگات، کە سەرەداویی گێڕانەوە لە دەستی نوسەر خۆیدایە. لە دەستپێکی چیرۆکەدا نوسەر جۆرێک لە تێڕوانین لەبارەی تێمای دەقەکەوە دەردبڕێت، کە ژیان و مردنە لە کۆمەڵگاکەیداو بەتەواوەتی کات‌و شوێن‌و کارەکتەری دەقەکە تێیدا ونەو نوسەر دەنگی خۆی زاڵ کردووە: ((لەگەڵ ئەوەشدا کە مردن سبەیڕۆێی هەر کەسێکە، بەڵام گەلێ جاران بێهۆشی زیندووەکان وادەکات کە بەتەواوی مردووان لەبیر بکەین. ئەو شتەی کە لە جیهانی ئێمەوە مردووەکان دەبات، ئەفسانەیەک نییەو نە نوکتەیەکیشە)).۳

بەڵام لە دێژەی چیرۆکەکەدا، نوسەر گێڕانەوە بە کارەکتەرە سەرەکییەکەی دەقەکەی (کەریمی میدی) دەبەخشێت‌و دەنگی خۆی بە تەواوەتی وندەکات. ئەم بەخشینەش لەژێر ناونیشانێکی نوێدا، کە بریتییە لە (مەنەلۆگ لە گازینۆی مردوواندا)، دەکات‌و ئەمەش بەتەواوەتی بۆ خوێنەر ئاشکرادەکات. کارەکتەری سەرەکی لەم بەشەی چیرۆکەکەدا بەتەواوەتی لە دەروونی خۆی دەدوێت‌و لەشیوەی گۆڕێکی پڕ لە مارو مێروو وێنای دەکات. ئەوەی لەبارەیەوە دەدوێت، بەتەواوەتی ئەوەیە لە جیهانی نەستەوە دێت‌و لە خەیاڵێکی بەرزەفڕەوە خۆی دەنوێنێت. بێگومان ئەمەش تایبەتمەندییەکی هەر دەقێکی سوریالییە، واتە ڕەتکردنەوەی واقیع‌و خۆدانە دەست نەست‌و ئەندێشە.٤ وەک لە پەرەگرافێکی ئەم بەشەدا هاتووە: ((پەنجەکانم شتێکی نەرم و لینج دەگوشن، دەری دێنم، لێی ڕادەمێنم. مارمێلکەیەکی مردوو لەبەرپێم دەکەوێتە سەر عەرز. دڵم تێکهەڵدێ. لە گیرفانەکەی دیکەمدا دەگەڕێم. شتێکی وشم دەرهێنا، گوشیم، کولـلەیەک بوو و کوشتم. لەشم ڕادەگوشرێتە نیۆیەک، دەمەوێت دواین قیژە بکەم، دەمارەکانم چک دەبن.{…} جگە لە قەلەڕەشێکی قیغکەر لەسەر کەولە جێهێڵدراوەکان هیچ شتێک لەم وڵاتە نەماوەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا من نەمزانیبوو، کە ئەو کوخە کاولبووە منم، هەناوی منە)).٥ نوسەر لەم بەشەی گێڕانەوەکەیدا، بە خەیاڵ خوێنەر پەلکێشی دەروونی کارەرکتەرەکەی دەکات‌و لەمسی جیهانێکی تەواو ئەندێشەیی پێ دەکات‌و بەتەواوەتی لە جیهانی واقیع دایدەبڕێت.

ئەوەی گرفت بۆ دەقەکە دروست دەکات، لەم بەشەو چەند بەشێکی دیکەی چیرۆکەکەدا، بەبێ گێرادان‌و پێکەوە بەستنەوەیەکی تۆکمە، گێڕەرەوەی پشت دەقەکە گۆڕانی بەسەردا دێت‌و خوێنەر خۆی لەسەر زەمینێکی دیکەی ڕوداوەکاندا دەبینێتەوە. بەشێوەیەک (کەریمی میدی) بەردەوامە لەسەر مەنەلۆگەکەیی‌و بێ هێچ گرێدانێک، یان دانانی ناونیشانێکی نوێ، دەنگی نوسەر دەردەکەوێت‌و دەنگی (کەریمی میدی) پەرازوێزدەخرێت. ئەمەش بە زیان بۆ دەقەکە دەشکێتەوە، بەوپێیەی دەقەکە کەشێکی سوریالی بەسەریدا زاڵەو نوسەر بەو گەمەکردنەیەی لە نێوان جیهانە ئەندێشەیی‌و جیهانی واقیعدا، زیان لە ئاستی گێڕانەوەی دەقەکەی دەدات، کە ڕەنگە ئەگەر تەنها لە جیهانە ئەندێشەییەکەدا بمایاتەوەو دەنگی گێڕانەوەی لە کارەکتەرەکەی نەسەندایەتەوە، دەقە تۆکمەتر دەربکەوتایە. لە لایەکی دیکەوە، ئەمە بۆ ئاستی بنیاتی گێڕانەوەکەی دەگەڕێتەوە، کە وەک گوتمان، لە لایەکەوە دەقەکە لەسەر گێڕانەوەیی مەنەلۆگی بیناتنراوە، لە لایەکی دیکەوەکە گێرانەوەی پۆلیفۆنی، کە زیاد لە دەنگ‌و گێڕەرەوەیەکی پشت دەقەکە لەخۆدەگرێت.

زمان‌و ئەندێشەکاری

ئەدیب بۆ ئەوەی دەقێکی تۆکمەو ئەزموونێکی سەرکەوتوو بنیات بنێت، پێویستە پێش هەرشتێک خاوەنی زمانێكی ئەدەبی‌و شیعریانە بێت، بۆ ئەوەی دەقێکی تۆکمە بەرهەمبهێنت‌و چێبکات. سەرکەوتنی ئەم ئەرکەش پێش هەرشتێک لە ناسینی زمانەوە دێت، بەو پێیەی زمانی هەر کۆمەڵێک خاوەنی چەند نۆڕمی باوو لەسەرڕێکەوتوون، چ لە ئاستی وشەو سینتاکس، چ لەسەر ئاستی واتاو پەیوەندیی واتایی وشەکان لە فەرهەنگی هەر زمانێکدا. هەنگاوی یەکەم گواستنەوەی زمان لە زمانێکی ئاسایی خەڵکییەوە بۆ زمانێکی ئەدەبی، یاریکردنە بەو ڕێساو نۆرمە باوانەی زمان‌و دروستکردنی پەیوەندی نوێیە لەو ئاستانەدا. یاریکردن بە نۆرمە باوەکانی وشەو سینتاکس، یاخود تێکشکاندن‌و دووبارە خوڵقاندەوەی نۆرمی نوێ، زیاتر لە ژانری شیعردا پشتی پێدەبەسترێت‌و دروستکردنی پەیوەندی نوێی واتایی زیاتر لە چیرۆک‌و ڕۆمانی نوێدا، وەک ئەوەی لە چیرۆکەکەی حەلیم یوسفدا بەدیدەکەین.

خاڵی کاریگەرو بایەخداری دەقەکەی حەلیم یوسف، لەم هەنگاوە گرنگەوە دێت کە ئاماژەمان پێدا. نوسەر لە چیرۆکەکەیدا پشت بەست بە ئەندێشەیەکی کاریگەر، هاوکات بەو پێیەی بەشێکی زۆری چیرۆکەکەی دووانە لە دەروونی دیووە پەنهان‌و شاراوەکانی دەروونی کارەکتەرەکەی، بەر چەندین پەیوەندیی نوێی زمانی دەکەوین، کە دروستکردن‌و کۆکردنەوەی بەیەکەوە، کارێکی هەروا ئاسان نییە، هەر ئەمەش زمانی دەقەکە، دەکاتە خاوەن زمانێکی ئەدەبی ئەندێشەیی‌و دروستبوونی چەندین وێنەی ئەدەبی لە سیاقی دەقەکەدا: ((ئەز کەریمی میدیم، دەڕۆم، دەستم بەردەبێتەوە، بە دەستەکەی دی هەڵی دەگرم، دەیگەڕێنمەوە شوێنەکەی خۆی. هاوکات بە ئەنیشکمەوە دەبێتە بنێشت‌و پێوەدەلکێت. بەباشی یەک ناگرێتەوە. دەمەوێ دیسان لەجێی دەریبێنمەوە، ناتوانم. ڕێڕۆشتم درێژە پێدەدەم. کەلە سەرم لە پێش خۆمەوە غل دەبێتەوە. ڕا دەکەم‌و بە دوای دەکەوم)).٥ هەر بۆیە زمان لەم دەقەدا، زۆرجار لە ئاستی (خۆشی زمانیی) دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی (سەرخۆشی زمانیی)و خوێنەر نەک هەر چێژ لە زمانی گێڕانەوەی دەقەکە دەبنێت، بەڵکو هەست بەو چێژەش دەکات و لە زۆر شوێندا، لەبەردەم وێنەکانیدا سەرسام دەبێت. بێگومان بەجێگەیاندنی ئەرکی وەها، بێ ئەندێشەیەکی داهینەرانەو فراوان مەحاڵە.

تێماو ئەندێشەکاری

لەم چیرۆکەدا کەریمی میدی وەرەمێکە بە جەستەی کۆمەڵگایەکەوە کە هەمیشە دەیەوێ خۆی بێ کێشەو ئارام نیشانبدات، کۆمەڵگایەک کە ترسی لەوە هەیە بێدەنگی خەڵکەکەی بشلەقێ‌و کەسێک پەیدا ببێت(درک) بکات. درککردنی کەریمی میدی بۆ چاندنی درەختێک لەنێو ئەو کۆمەڵگا سیس‌و زەردبووەدا سەررگەردانی دەکات، چونکە هەوڵەکانی کەریم وەک بەردێکە فڕێ بدرێتە نێو گۆمێکی مەنگ. وەک هەڵکردنی چرایەکە لە تاریکیدا. لەم چیرۆکەدا کەریمی میدی پەیامبەری دونیایەکی جیاوازترە. لووت ئامرازی درککردن-راستترە بڵێین هەستکردن-یەتی بە بۆگەنبوونی کۆمەڵگا.

ئەم چیرۆکە گوزارشت لە دۆخی کۆمەڵگایەک دەکات کە تێیدا سیستمێکی تۆتالیتار حاکم‌و سەردەستە. سیستمێک کە جیاوازتر لە سیستمی دیکتاتۆری کەمجار دەتوانین ماکی کردەوەکانی دەستنیشان بکەین. لەم چیرۆکەدا لێدەگەڕێ تا مەودایەک کەریمی میدییەکان بژین، بەڵام سات لەدوای سات ڕیشەکێشیان دەکات. ئەویش بەو رێکارەی کە ئەو ئاژەڵانەی گیاخۆرن نیشتیمانپەروەر نیشانبدات. ئەمەش پێچەوانەی خەون‌و ویستی کەریمە. یاخود دروستترە بڵێین دژی بیری بیرکەرەوەو درککردنە.

دابینکردنی ئالیک، دروستکردنی پارت و حیزبگەلێک بۆ ئەوەی هەوڵی نەهێشتنی قامچی بدەن، کارکردێکی راستەوخۆی سیستمە بۆ پێشگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانی ڕەنگ‌و سیمای ئەو دۆخەی کۆمەڵگا تێیدا دەژی. ئامرازەکانی سیستم و دەسەڵاتیش بەردەوام ناڕاستەوخۆن.

حەلیم یوسف لە بەشێکی چیرۆکەیدا دەڵێت: ((گوناهی تاوانباری هەرە مەزن ئەوەیە منداڵێک فێرە خوێندنەوە بکەیت)).٦ رەنگە ئەمە یەکێک بێت لە پایەکانی ئەم چیرۆکە، کە دەتوانێ باشتر گوزارشت لەخۆی بکات، ئەم رستەیە وەک بەرەنجامی چیرۆکەکەش دەرێ بیخوێنینەوە، بەرەنجامی چیرۆکی هەوڵەکانی میدی بۆ سەوزکردنی دونیا، بۆ گۆڕینی ئەو دونیا زەردو سیسەی کە ئەو لە رێگەی لووت‌و بۆنکردنەوە درکیکرد لە چ پاییزێكی وشک‌و برینگدا دەژین.

بێگومان ئەمە ئەگەر خوێندەوەیەکی خێرابێت، بۆ ئاستی گشتی چیرۆکەکەو وێناکردنی گشتی دەسەڵات‌و کۆمەڵگا بە گشتی، ئەوا بە وردبوونەوە لە کۆی بەشەکانی چیرۆکەکەو ڕۆچوون بە دەروونی کارەکتەری سەرەکی (کەرییمی میدی)دا، دەتوانین لە چەندین لایەنی دیکەوە خوێندنەوە بۆ ئەو فەزا ئەندێشەیی‌و وێنە سوریالییە بکەین، کە چیرۆکنوس لە چیرۆکەکەیدا دەیخاتەڕوو.۷

وێناکردنی دەروونی (کەریمی میدی)، بە گۆڕێگی تاریک، یان کوخێکی بێ دەرگاو پڕ لە گرێ‌و مارو مێروو، دەشێت خستنەڕوو و ڕۆچوونبێت، بە دەروونی تاکی کۆمەڵگاکەی، یان کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا بێت بە گشتی، کە خاوەن دەروونێکی پڕ گرفت‌و گرێی سایکۆلۆجیین لەسەر ئاستی تاک‌و لە وێنەیەکی گەورەتردا پڕ گرێی سایکۆلۆجی‌و بایۆسایکۆلۆجی دەستەجەمعین: ((ئەوە کێیە منی خستووەتە نێو ئەم کوخە چەپەڵەوەو دەرگای لێ گرتووم؟ ئەز کەریمی میدیم، دەستەکانم لە دیوارە قەڵشیوەکە گیردەکەم، تاوەکو دەرگایەکم بەڕوودا بکرێتەوە. وەنەبوو بەسەر شتێکەوە هەڵبێم. لەگەڵ ئەوەشدا کە نەخەوتووم، بەڵام دەتوانم لەش و جلکەکانم، ڕوحە ڕاکشاوەکەم ببینم. هەست بەوە نەکردبوو کە چۆن مووەکانی ناوچەوانم درێژبوونە. دەمەوێ هەستمەوە، سەرم بە بنمیچە گەنیوە نزمەکە دەکەوێت. {….} لەگەڵ ئەوەهەموو ئەمانەشدا نەمزانییوە، کە ئەو کوخە کاولبووە منم، هەناوی منە)).۸

ئەم وێناکردنەی حەلیم یوسف و زۆر وێنەی دیکەی سووریالی چیرۆکەکە بۆ دەروونی کارەکتەرەکەی، تێڕوانینی (د. محەمەد تەها حوسێن)مان بەیاددێنێتەوە بۆ تاکی کوردی. (د. محەمەد) لەژێر ڕۆشنایی تیۆری دەروونشیکاری (فرۆید)دا، وا دەروونی تاکی کورد شیکاردەکات، کە جوگرافیای (من)ی تاکی کورد بوونێکی پەرتبوو و وێرانی هەیە، کە خاڵییە لە عەقڵ‌و بەردوام جەمسەرێکی بەدەست (منی باڵا)وەیەو جەمسەیەرەکەی دیکەی بە دەست (ئید)ەوە، کە بوونێکی شەهوانی‌و کۆنتڕۆڵنەکراو و قاچاغی هەیە. ئەو لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی ئەم بابەتە ئاماژە بەئەوە دەکات، کاتێک کە تاک جارێک بە هەوەسی (ئید)و جارێکی دیکەش بە هەوەسی (سوپەر ئیگۆ) بجوڵێتەوەو نەتوانێت تەباییەک لە نێوان ئەم دوو هێزە دژە ئاراستەیەدا بدۆزێتەوە، مانای ئەوەیە نەبووەتە خاوەنی خۆی‌و نەیتوانیوە لە ڕێی عەقڵییەوە گەشە بکات‌و بچێتە ئەو ئاستەی ئەم توخمە، کە مەرجی سەرەکی و عەقڵانییەت‌و عاقڵبوونی تاکە، فەراهەم بکات.۹ ئەم چەشنەیش لەکاردن‌و خستنەڕووی دەروونی کارەکتەری چیرۆک، خۆی لەخۆیدا گرتنەبەری پرینسیپێکی بنەڕەتی سووریالییەو بەدیوێکی دیکەشدا بەتەواوەتی کارکردنە لە جیهانی ئەندیشەدا.

بێگومان بەو پێیەی چیرۆکەکە هەم لەسەر فرەدەنگی بنیاتنراوەو بە دوێکی دیکەشدا کاردنە لە جیهانی ئەندێشەو واقیعدا، چەندین ڕەهەندی سیاسی‌و سۆسیۆ-سایکۆلۆژیش لەخۆدەگرێت، کە دەکرێت وردترو تایبەتی تر بخرێنەبەرباس. بەڵام ئەوەی گرنگەو بۆ باسەکەی ئێمەش جێگەی بایەخە، ئەو لایەنە ئەندێشەییانەیە کە لە چیرۆکەکەدا ڕەنگیداوەتەوەو بەکورتی لەسەری وەستاین، چونکە مەودا فراونتر کاری لەسەر بکەین، چەندین لایەن‌و ئاستێکی دیکە هەن، کە بۆ بنیاتنانی پشت بە کەرەستەی ئەندێشە بەستراوەو چیرۆکنوس چیرۆکەکەی پێهێناوەتە بەرهەم. کۆی ئەو تایبەتمەندیانەش وادەکات بڵێین، کە چیرۆکەکە هەم چیرۆکێکی سووریالییە، هەم ئەندێشەیی.

پەراوێز:

۱ٚ.حەلیم یوسف، ٢٠١٧، ل٦

۲.حسێن لەتیف، بڕوانە:

۳.هیمداد حوسێن،٢٠٠٧، ل٢٢٢

٤.حەلیم یوسف،٢٠١٧، ل٣٢

٥.سەرچاوەی پێشوو، ل٣٨

٦. سەرچاوەی پێشوو، ل٣٩

۷. لێرەدا سوود لە سەرەنجی وەرگێڕی چیرۆکەکە، فەرهاد چۆمانی وەرگیراوە.

٨. حەلیم یوسف،٢٠١٧، ل٣٢

٩.محەمەد تەها حوسێن،٢٠١٧، ل ٤٧