دەربارەی ڕۆمانی سوبارتۆ -هەژارمەجید - Halim Youssef

دەربارەی ڕۆمانی سوبارتۆ -هەژارمەجید

ته‌مموز 9, 2021

دەربارەی ڕۆمانی سوبارتۆ

هەژار مەجید

من خوێنەری مێژووم، مێژوو بە پلەی یەکەم بابەتی خوێندنەوەی منە، بەتایبەت مێژووی کۆن، بەدلنیاییەوە لە مێژووی کۆنیشدا، مێژووی گەلی یەهودی و مێژووی جولەکە و سەرزەمینی کەنعان زۆر سەرنجم ڕادەکێشێت.

بەڵام ئەوەی لە مێژوو زیاتر بەلای منەوە چێژبەخش و فێرکارترە، گێڕانەوەیەی مێژووییە، نەک بەوجۆرەی کە لەمێژوودا باسی دەکرێت. کاتێک مێژوو دەچێتە چوارچێوەیەکی ئەدەبییەوە و لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە مێژوو دەگێڕدرێتەوە، ئیتر من شێتانە ئەو گێڕانەوەیەم خۆش دەوێت. هەزاران نموونەی ئەو نووسەرانەی کە بەرگێکی ئەدەبی بە بەرمێژوودا دەبڕن هەیە و زۆربەی هەرە زۆریشیان نووسەری ناوداری جیهانی و کوردیشن. لەناو نووسەرە جیهانییەکاندا من زۆر سەرسامم بە تۆڵستۆی و بە ڕۆمەن ڕۆلان و بە نیکۆس کازانتراکیس و یۆسا و ئەمین مەعلوف و زۆری تریش. ئەلیف شەفەق بەجوانی ڕووداوێکی مێژووی وەک ژیانی مەولانامان بۆ دەگێرێتەوە. ئەمین مەعلوف ژیانی مانی پێغەمبەر و خەیاممان بۆ باس دەکات. لەناو نووسەرە کوردەکاندا، دەتوانم بڵێم هەموو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیش دەچێتە هەمان چوارچێوەی گێڕانەوەی مێژوو بە شێوازێکی ئەدەبی سەرنجڕاکێش و قووڵ، نابێ ماردین ئیبراهیم و محەمەد موکری و چەند نووسەرێکی تریشمان بیر بچێت. ئەوەی لێرەدا ئەمەوێ باسی بکەم حەلیم یوسفە.

حەلیم یوسف لەگێڕانەوەی مێژوودا زۆر زیاتر بۆ کۆن دەگڕیتەوە و بە وردی ڕووداوە بچووکەکان دەستنیشان دەکات و لە چوارچێوەیت ئەدەبێکی سۆریالیدا بۆمان دەگێڕێتەوە. لەم سوبارتۆدا مێژووی گەلی سوبارتۆ و ڕووداوێکی بچوکی وەک سووتانی سینەمای شاری عامودێ دەکاتە تەوەری سەرەکی ڕۆمانەکە و لەنێۆ ئەم ڕووداوەوە هەموو مێژووی کوردمان بۆ باس دەکات. حەلیم بە قووڵی بەناو کۆڵانەکانی مێژوودا ڕۆدەچێت وسوتماک و ناسۆری کورد بە ئەدەب دەهۆنێتەوە. لەو شوێنەدا کە میژوو وەک زانستەکەی ناتوانێت هەست و ئیحساس و بیرکردنەوەکان بگێڕیتەوە، ئیتر ئەدەب فریای دەکەوێت و وەک شیعر و چیرۆک و ڕۆمان دەست دەکرێت بە هۆنینەوەی مێژوو.

بەدڵنیاییەوە ئەو کتێبانەی کە بەمجۆرە مێژوو دەگێڕنەوە، بەهای دیکومێنتی زانستی مێژوویان نییە. بەڵام شێوازەکە بۆ ناساندنی مێژوو بە شێوەی حیکایەت و گێرانەوە کە خوێنەری زۆر زیاترە لە خودی مێژوو. ئێمەش ئەگەر بمانەوێت دونیا بە مێژووەکەمان شارەزا بێت، پێویستە لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە بیگێڕینەوە. خودی مێژوو بۆ دیکۆمێنت و گێڕانەوەی ئەدەبیش بۆ ناساندنی زیاتر.

دوو کتێبی حەلیم یوسف ڕۆژی شەممە ٢٥/ ٣ بڵاودەکرێنەوە کە هەردووکی پێشنیاری منە بە خوێنەرە بە ئەزموونەکان. ھەژار مەجید