کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن
کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن رومان ٢٠١٥
وەرگێڕانى سه لا حه دينى با يه زيدي
کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن
نوسەر: حەلیم یوسف وەرگێڕان: سەڵاحەدین بایەزیدی ناوەندی بڵارکردنەوە: ئەندێشە
مـــن ماری غەدار- هەندێک کەس وام پێ دەڵێن- لە هەموو کەس پــتر لە ئێش و شایی ئــەڤین دەگەم. ئــەڤین لەمن دەچێ. وەک چۆن من دەتوانم بەدزی و لەسەر زگ بخزم، بێ ئەوەی مرۆڤ هەست پێبکات، لە پشتەوە پێیانەوە بدەم و لە چرکە ساتێکدا، ژارەکەم تێکەڵ بە خوێنی ئەوان دەبێ و چیتر ناتوانن پەلە قاژە بکەن، ئــەڤینیش ئاوهایە. ئەگەر وا نەبێ، نە مــار و نە ئــەڤین ناتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن.
کورتەی کتێب: ماسی هەرجارێک کە ڕەگەزی بەرانبەری ببینایە، خوێنی لەچاو دەهات، جارێک کچێک دەبینێت، بەڵام ئەمجاریان هیچ خوێنێکی بەدی نەکرد، بووە هۆی ختوکەدانی مێشکی، ئاخۆ چ ڕووی دابێ لەناو ئەو پارچە گۆشتەی، کە دەکەوێتە سینگی چەپیەوە. ئیدی دەکەوێتە داوی خۆشەویستی بۆ ئەو کچە شۆخ و شەنگە. شوێن، شار، شاخ و داخ دەکات، سا بەڵکو دوبارە چاوی پێبکەوێتەوە. مرۆڤەکان بەهۆی نەخۆشییەکەوە توانای قسەکردنیان نەماوە، و چارەسەرکردنیان لەلایەن دکتۆرەکانەوە بووەتە خەونی شاعیرانە. لەجیاتی مرۆڤ، کتێب، دار، بەرد، دەرگا، مار، پشتوێن..هتد. قسە دەکەن و ڕوداوەکانمان بۆ دەگێڕنەوە. ڕای بەندە:
کتێبێکی زۆر جوانە، کە دەیخوێنیتەوە، ئەو هەستەت لا دروست دەبێت، کە جێگای دەست خۆشیە، کوردێک لەو ئاستە بنوسێت. ئامانجی سەرەکی ئەم ڕۆمانە، باس لە شەڕڤانانی کورد دەکات، کە ئەم شاخ و ئەو شاخیانە بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە ، بەڕەنگاربوونەوەیان و جەنگان دژی سوپا. ئاریان
…………………
ناوی کتێب: کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن نووسەر: حەلیم یوسف ناوەندی چاپ: ئەندێشە ژمارەی لاپەڕە: ٢٦٠ .
ئەم ڕۆمانە ڕۆمانی مەرگ و ژیانە، ڕۆمانی خۆشەویستی و دابڕانە، بەڵام ڕۆمانی شادی و ئازار نییە، بەڵکو تەنها ڕۆمانی ئازار و ئازارە… ئازاری کورد بوون، ئازاری شەڕ و بەرگریکردن لە نیشتیمان بەرامبەر شەیتانێکی بێ بەزەیی. .
گەنجێک بەناوی «ماسی» لەگەڵ سەگەکەی بەناوی «بۆزۆ» بەتەنها لە سنوری کوردستانی سوریا دەژین، گەنجێکی بێ کەس و کار عەشقی لەناکاوی کچە کوردێکی ئەودیو سنور وێڵی ڕێگەیەکی نادیاری دەکات، تا ڕێگەی دەچێتە سەر شاخەکان و دەبێتە
شەڕڤان! لە کۆتاییدا دەگاتە مەعشوقەکەی، بەڵام لە چ حاڵێکدا!؟ پێکگەیشتنێک بۆ دابڕان. .
جیاواز لە ڕۆمانەکانی تر لەم ڕۆمانە گێڕەرەوە شتەکانی دەوروبەری ماسین! قەڵەمەکەی بیرەوەری خۆی و ماسی دەگێڕێتەوە، دەرگاکەیان، ماری بنمیچەکەیان، پشتێنەکەی، سەگەکەی، قاچە بڕاوەکانی، هەموو ئەمانە چیرۆکی پڕ لە ئازاری شەڕڤانێکی کورد دەگێڕنەوە کە بەرد دەخاتە گریان. . ڕۆمانێکی زۆر جوان و ناوێکی زۆر فەلسەفی و جوان، شێوازی گێڕانەوە و چیرۆکێکی جوان، ئەگەر دەتەوێ ڕۆمانێکی کوردییانە بخوێنیتەوە، ئەم ڕۆمانە لەدەست خۆت مەدە. . نمرەبەندی من : ٤.٥/٥ نمرەبەندی Goodreads: ٣.٩٤/٥ لە ١٧ دەنگدەر زریان رەحیم
…………..
کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن… رۆمانێکی زۆر نایاب و کاریگەرە… لە ڕۆحی بەرگرییەوە سەرچاوە گرتووە.. کوت و مت بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ نوسراوە، لەهەندێک شوێندا هەناسەت ئەبڕێت و هەست ئەکەیت ڕەوانشاد (محەمەد موکری) دەخوێنیتەوە. لە ڕووی تەکنیکەوە زۆر سەرکەوتووە و چێژبەخشە، بەشێوەیەکی جوان پڵۆتکراوە و بە لۆژیکەوە دابەشکراوە، پاشان بە زیرەکانە چنینەوە بۆ ڕوداوەکان کراوە… دار، دیوار، پەنجەرە، دەرگا، پێنوس، پشتێن، مار، بەفر گوڵ، کەڕ و ڵاڵیش، لەم ڕۆمانەدا قسە دەکات، لەڕووی زمان و گێڕانەوەدا لە لوتکەدایە. ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بریتییە لە بەرگری و بەرخودانی تەڤگەرێک کە لە باکووردا بەرخودان دەکەن هەتا ئێستا و بەردەوامن لەبەرگری مافی گەلێک، ئەو تەڤگەرەی کە هەمیشە پەیامی ئاشتی هەیە، وەلێ دوژمن بە پلانە چەپەڵەکانی ناهێڵێت سەوز بێت. (ماسی) کە پاڵەوانی سەری ڕۆمانەکەیە، ئەم ڤیگۆرە لەشارەوە دەڕواتە چیا و لەگەڵ پۆلێک گەریلادا بەرخودان دەکەن، ماسی لە شاخ، ئاشنای کەسێک دەبێت بە ناوی (ڕێناس) کە بەرپرسی شەڕڤانەکانە. لە دوای شەهید بوونی ڕێناس ماسی وەسیەتەکەی ڕێناس دەگەیەنێتە خانەوادەکەی و لەوێدا ئەو نهێنیە ئەدۆزێتەوە کە ڕێناس ئامۆزای ڕاستی خۆیەتی، لەگەڵ ئەوەشداچەندین وردە چیرۆک لە نێو ڕۆامانەکەدا هەن کە شایەنی خوێندنەوە و بەردەوامیت پێدەبەخشێت. ئەگەر چی ماسی نیوە مردوو دەبێت، هەردوو قاچێ لەدەستت دەدات لە ناو بەفرداو هەرچی ناخۆشی و گرفتاری ئەم دنیایە دەیچێژێت، بەڵام هەر کۆڵ نادات. جوگرافیای ڕۆمانەکە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانە. بەڕاستی دەستخۆشی لە سەڵاحەدین بایەزیدی دەکەم کە (حەلیم یوسف)ی پێ ناساندین. ئەگەرچی لەهەندێک شوێن و وشەدا هەست بە ئاڵۆزی دەکەیت، وەلێ ناوڕۆک و پەیامی ڕۆمانەکە گەیشتووە. هاوڕێیان پێشنیار ئەکەم ئەم ڕۆمانە بخوێننەوە
گەشبیر ئەحمەد
……………………