حەلیم یوسف: هەموو ڕۆمانێکی جددی هەڵگری ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ژیانی کارەکتەرەکانییەتی
zhyan – Adar 2020
ئەگەرچی زۆربەی بەرهەمەكانی بەعەرەبی نووسیون، بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەشی زۆری بەرهەمەكانی كراون بە كوردی. ئەم دیدارەی دەیخوێنیتەوە هەر بە زمانی عەرەبی لەگەڵی ئەنجامدراوە. حەلیم یوسف، نووسەر و رۆماننوسی دیاری رۆژئاوای كوردستانە و لە بارەی ئەدەب و رۆمانەوە، قسە بۆ رەنگدان دەكات
بەشی یەكەم
سازدانی: شاخەوان سدیقڕێكخستن و وەرگێڕانی: ڕەنجدەر جەبار
ژیان: نووسین یەکێکە لە هەرە تایبەتمەندییە خودییەکانی ئینسان و هەر یەکەو بە بیانوو و هۆیەکەوە دەنووسێت، نووسین لای تۆ چییە و بۆ دەنووسن؟
حەلیم یوسف: نووسین بۆ من وەک قەدەر وابوو. هەر زوو دەستمکرد بە نووسین، بێئەوەی بزانم چ هۆکارێک پاڵنەرمە بۆ ئەو کارە. بەمنداڵیی، وەک مناڵێکی کورد بە ژمارەیەک لە پرسیاری زۆر قورس دەورە درابووم كە لە تەمەنی خۆم گەورەتر بوون. گەڕان بە دوای وەڵامگەلی قایلکەردا، بەرەو سێبەری نووسینیان پەلکێشکردم. نازام چۆن بوو بۆم دەرکەوت نووسین دەربارەی ئەو ئاگرانەی ناخم هەڵدەکۆڵێت و، خەمەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دەوری داوین، لەسەرم سووک دەکات. دواتر نووسین بۆ من بوو بە شتێک هاوشێوەی ئۆکسجین، ناتوانم بەبێ نووسین لە ژیان بەردەوام بم. بڕوا ناکەم هێزێک هەبێت لەسەر ڕووی زەوی بتوانێت لە نووسینم داببڕێت، مەگەر مردن. نووسین، ئۆکسجینی ژیانی منە. منیش دەنووسم بۆ ئەوەی لە ژیان بەردەوام بم.
ژیان: دەبێت نووسەر بۆ خوێنەر بنووسێت، یان بەپێچەوانەوە نووسەر نابێت بۆ خوێنەر بنووسێت و ئەوە خوێنەرە دەبێت بۆ ئاستی نووسینی نووسەر بەرزبێتەوە؟ تۆ لەگەڵ كام بۆ چوونەدایت؟
حەلیم یوسف: هیچ ڕێگرییەک نییە لە نێوان هەردوو ئەگەرەکەدا. بێگومان من بۆ خوێنەرەکانم دەنووسم، لە هەمان کاتدا بۆ خۆشم دەنووسم. لە نێوان خۆم و خوێنەرەکانمدا، هۆگرییەکی زۆر هەیە. هەر ئەم هۆگرییەیە بەبێ هیچ پلانێک ئەو پەیوەندییەی لە نێوانماندا دروستکردووە. ئەگەر بە تەنها بۆ خۆمم بنووسیبایە، ئەوا نووسینەکانم وەک کتێب بڵاو نەدەکردەوە. نکۆڵی لەوە ناکەم لە ساتەکانی نووسیندا ئامادەیی خوێنەر کەمدەبێتەوە، وەک وەڵامدانەوەی ئەو دەنگەی لە ناخمدایە، ڕێگا خۆش دەکەم بۆ هەڵقووڵانی هەستەکانم. پانتاییە تاریکەکانی نەستم ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە چنینی وردەکاری دەقە ئەدەبییەکان، بەجۆرێک یادەوەرییەکانم دەڕۆنە سنووری هۆشیاری بۆ گێڕانەوەی ئەوەی پێویستە بۆ تەواوکردنی دیوە هونەرییەکانی ئەو دەقە. دەتوانم بڵێم بیرکردنەوە لە خوێنەر و ئەو ڕێچکانەی لە زۆر شوێن پێکەوەمان دەبەستن، لە کاتی یەکەمین پێداچوونەوە دێنە ئاراوە. بەجۆرێک خۆم دەخەمە شوێنی خوێنەر و هەوڵدەدەم هێندەی بتوانم کارەکان چاکدەکەمەوە کە ڕێگرن لە تێگەیشتن و پێکەوەبەستنم لەگەڵ خوێنەر. سەبارەت بە پرسیارەکەت، ئایا پێویستە خوێنەر بەرز بێتەوە بۆ ئاستی نووسینی نووسەر، من لەسەر دوو ئاست باسیدەکەم لە نووسینەکانمدا. یەکەمیان لەسەر ئاستی زمانەوانی، من بە زمانێکی سادە و ئاسان دەنووسم، هەموو کەس لێیتێدەگات. ئاستی دووەم بریتییە لەو ئاماژانەی پەیوەستن بە ناوەڕۆکی دەقەکەوە، ئەمە دەکەوێتە سەر زیرەکی خوێنەر و توانای تێگەیشتنی لە ئاماژەکانی دەقەکە بەپێی تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی. بۆیە من بۆ خوێنەران دەنووسم لە هەموو ئاستە جیاوازەکان. شتێکی سروشتییە دەقی ئەدەبی فرەئاماژە بێت، هەر بۆیە بەلامەوە ئاساییە ڕاڤە و شیکردنەوەی جیاواز لەسەر دەقێکی ئەدەبی لەلایەن خوێنەرانەوە ببیستم و بخوێنمەوە. ئەمە ئاماژەیە بۆ بەهێزی دەق، نەک لاوازی و نەگەیشتنی بە ئاستی هۆشیاری وەرگر. من ڕێز لە وەرگرەکان دەگرم و لە بۆچوون و شێوەی خوێندنەوەیان بۆ دەقی ئەدەبی تێدەگەم، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ ڕوانگەکانیشم یەکانگیر نەبن.
ژیان: دەوترێت هێندەی خوێنەری ڕۆمان هەیە هێندە خوێنەری چیرۆك نییە، ئەم بۆچوونە تا چەند ڕاستە، ئەگەر ڕاستە هۆكاری ئەوە چییە؟ لاوازی بابەت و ناوەڕۆكە یان كێشەكە لە تەكنیك و شێوازی گێڕانەوەدایە؟
حەلیم یوسف: پێموایە وەشانی ڕۆمان بەو شێوە بەرفراوانە، بەهۆی ئەو دۆخە باڵادەستەی بازاڕی کتێب لە ئەوروپا – ڕۆژئاوا هەیە، زۆربەی ناوەندەکانی پەخش و وەشاندن تەنها ڕۆمان چاپدەکەن، لە کاتێکدا تاڕادەیەک پێشوازی لە شیعر بوونی نییە. هەروەها کورتەچیرۆک وەک ژانرێکی ئەدەبی ئەو فرۆشەی ڕۆمانی نییە. لە کۆمەڵگە بەکاربەرەکانی ئێمەدا، خوێنەری هەموو جۆرە ژانرەکان بەشێوەیەکی ترسناک بەرتەسکە، هەر بۆیە ئەوەی کۆنترۆڵی ئەم بابەتە دەکات سێنتراڵیزمی ئەوروپییە، کە پێوەرە ئەدەبی و هونەرییەکان لەبەرچاو ناگرێت و هێندەی فاکتەرەکانی بازاڕگەریی و پێویستییەکانی کڕین و فرۆشتن و قازانجی زۆر لەبەرچاو دەگرێت. لە ئەوروپا شتێکی نامۆ نییە کاتێک ناوەندە گەورەکانی چاپ و وەشاندن، تا ئەوپەڕی بە گوێرەی پێوەرە ئەدەبییەکان ڕۆمانی ئاست نزم بڵاو دەکەنەوە، بەڵام لە بازاڕی کتێبدا فرۆشێکی زۆریان دەبێت. لە کاتێکدا ناوەندێک ئامادە نییە بەردەوام بێت لە چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی یەکێک لە نووسەرە باشەکان، هەر لەبەر هەمان هۆ، واتا لە ترسی شکستی بازاڕگەرمیی ئەو کارە.
ژیان: بەدرێژایی مێژووی نووسین، جگە لە وەزیفەی گێڕانەوە، چیرۆك و ڕۆمان، بەپێی قۆناغە جیاوازەكان ئەركی جۆراو جۆریشیان هەبووە. ئەركی سەرەكی ڕۆمان پاش گێڕانەوە چییە؟ تا چەند نووسەر لە ڕێگەی كارەكتەرەكانییەوە، دیوی شاراوەی واقیع دەگوازێتەوە؟
حەلیم یوسف: ڕۆمان چەندین وەزیفەی جیاوازی هەیە، یەکێک لە وەزیفەکان ئەو جوانییەیە کە چێژ بە وەرگر دەبەخشێت، ئەویش پێش هەموو شتێک لە ڕێگەی ئەو تەکنیکانەی بەکار دەهێنرێت و لە ئەنجامی ئەو دەوڵەمەندییەی لە پێشکەوتنی تەکنیکی هونەری ڕۆمانەوە بەدرێژایی مێژوو بەدەستهاتووە. وەزیفەیەکی دیکەی، ئەو ڕەهەندە ڕۆشنگەرییەیە کە لەو مانا و پەیامانەی ڕۆمانەکە هەڵیگرتووە وەک گەردوونێکی بەرفراوان بۆ گرتنەخۆی بڕێکی زۆری هەستەکانی مرۆڤ و هزر و کەسایەتی و بابەتەکان لە پانتاییەکی بەرفراوانی مێژوودا.دەربارەی دیوەکانی گواستنەوە و پەردەپۆشکردنی دیوە نهێنییەکانی واقع و کارکردنی جددی لەسەر کارەکتەرەکان و قووڵبوونەوەی فەلسەفی و ڕۆشنبیری لە جیهانی ڕۆماندا، دەتبات بەرەو ڕۆشنکردنەوەی ناوچە تاریک و نهێنییەکانی یادەوەریی، یان پەردە لادان لەسەر هۆشیاریی کەسەکان لە ڕێگەی ڕۆچوون بە قووڵایی ئەو کارەکتەرانە لەو ناوچانەی، پێیاندەگوترێت نەست
.ژیان: ڕەخنەگری گەورەی ئەڵمانی مارسێل ڕایخ ڕاینسكی دەڵێت “دەبێت ڕۆمان چێژمان پێببەخشێت، چێژی خوێندنەوە و كات بە سەربردن” پێتانوایە بەرهەمی ئەدەب بە تایبەت چیرۆك و ڕۆمان، بۆ چێژو كات بە سەر بردن بێت؟
حەلیم یوسف: پێویستە هەردوو دەستەواژەی (چێژ و کات بەسەربردن) لەیەکتر جیابکەینەوە. پێکەوە بەستنی ئەو دووانە تێکەڵاوییەکی وا دروستدەکات، ئەو دوو دەستەواژەیە تا ئەندازەی یەکمانایی لەیەکترەوە نزیکن. پێموانییە کەسێک ڕۆمانێک بخوێنێتەوە ئەگەر پێی وانەبێت ئەو ڕۆمانە لە هەمانکاتدا چیژبەخش و بەسوودیشە. پێویستە ئەو ڕەهەندە ڕۆشنگەرییە پشتگوێ نەخەین کە ڕۆمان هەڵیگرتووە، هەموو ڕۆمانێکی جددی هەڵگری ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ژیانی کارەکتەرەکانییەتی، ئەمە سەرەڕای ئەو وردەکارییانەی پەیوەستن بە شوێن و ڕووداوە مێژووییە گەورە و بچووکەکان و بەرەنجامەکانیانەوە. هەموو ئەمانە دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی ڕۆشنبیری خوێنەر بەو بوارانەی لە دەرەوەی هونەری ڕۆمان دەستی پێڕاناگات. من وەک خوێنەرێکی وردی ڕۆمان، چەندین نموونەی مرۆیی و گەل و نەتەوە و شوێنی زۆرم لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان لە ڕێگەی ڕۆمانەوە ناسیووە. ئەگەر خوێندنەوەی ڕۆمان نەبووایە، نەمدەتوانی ئەوانە بزانم. وەک دەبینیت وەزیفەکانی ڕۆمان زۆر و بەیەکداچوون و لە یەک چوارچێوەدا کۆناکرێنەوە.