حه‌لیم یوسف: هیچ سنوورێك له نێوان من و كاره‌كته‌ره‌كانمدا نییه – سازدانی: فەرهاد چۆمانی
28.01.2021
دوای وه‌رگێڕانی رۆمان و چیرۆكه‌كانی له نێو خوێنه‌رانی كرمانجی خواروودا ناسرا، حه‌لیم یوسف یه‌كێكه له نووسه‌ره دیار و ناسراوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان. خه‌ڵكی عاموودێی رۆژئاوای كوردستانه و ئێستا له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه. له‌م چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ده‌داته‌وه.
سازدانی: فەرهاد چۆمانی
*ئێمه‌ی خوێنه‌رانی كرمانجی خوارو حه‌لیم یوسفمان له سایه‌ی وه‌رگێڕانی رۆمانی «كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن»ه‌وه ناسی دواتر رۆمان و چیرۆكی تری به‌دوادا هات، ئه‌مه چ ده‌روازه‌یه‌كی له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی تۆدا كرده‌وه؟
–وه‌رگێڕانی «كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن» و كتێبه‌كانی دواترم بۆ كرمانجی ژێرین، ده‌روازه‌ی ئه‌وه‌ی كرده‌وه كه هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی راستبكرێته‌وه. هیچ گومانێكم نییه ئێمه یه‌ك میلله‌تین و منداڵی هه‌مان وڵاتین، كه ناوی كوردستانه. به‌ڵام شێوه‌زاری جودامان هه‌یه. نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت وایكرد میلله‌تی ئێمه له نێو پارچه‌كانی جوگرافیایه‌ك و هه‌م له نێو شێوه‌زار و ئه‌لفبێی جودادا گیر بخوات و هه‌ر به‌شێك له به‌شه‌كه‌ی تر بێ ئاگابێت. ئه‌مه غه‌درێكی گه‌وره‌یه له كورد كراوه. باجی ئه‌مه نووسه‌رانی كوردیش ده‌یده‌ن. نووسه‌ران ناتوانن خۆیان به‌هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له چوارپارچه‌ی كوردستان بگه‌یه‌نن. به وه‌رگێڕانی نێوان شێوه‌زاره‌كان رێگه له‌به‌رده‌م نووسه‌رانی كورد ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگه و له سه‌رانسه‌ری وڵاته دابهشبووهكهیان بخوێنرێنه‌وه. بۆ منیش كرانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه جێگه‌ی دڵخۆشی و شانازیم بوو، كه به‌رهه‌مه‌كانی من ئه‌و سنووره سه‌خته‌ی ئه‌و چاره‌نووسه ره‌شه‌ی ئێمه‌ی تێپه‌ڕاند و بهخوێنهرانی ئه‌ده‌بیات له باشووری كوردستان گه‌یشتن. من هه‌میشه ستایشی هه‌وڵی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م، كه ئه‌م رێگه‌یه له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مه كوردییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی هه‌موو كوردێك بگه‌ن. به‌هه‌موو شێوه‌زاره‌كان.
*نووسینی رۆمان، چیرۆك یان كتێبێك به‌شێوازێكی سوریالی وه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانتدا ده‌یكه‌یت جۆرێك نییه له ریسك بۆ نووسه‌ر؟
–بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌مه‌وێ به‌كورتی له سێ خاڵدا بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم. یه‌كه‌م: سوریالیزم به‌شێكه له ژیانی رۆژانه‌مان. ده‌شێ له هه‌ندێك شوێنی دنیادا رووداوه‌كان به‌پێودانی عه‌قڵ و لۆژیك بپێورێن، به‌ڵام له وڵاتی ئێمه‌دا لۆژیك نییه. هه‌موو شتێك هه‌ڵاوگێڕه، مرۆڤه هه‌ره ساخته‌چییه‌كان له ژوور و هه‌ره هۆشمه‌نده‌كانیش له ژێره‌وه‌ن. به‌های پێڵاوێكی كۆن زیاتره له كتێبێكی به نرخ و به‌هادار و بۆ شته‌كانی تریش. مه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه سوریالی نین؟
خاڵێكی تر لایه‌نه رۆحییهكهمانه، لایه‌نه گیانی و شاراوهكهمان. خه‌ون و خه‌یاڵ و نه‌ستمان. هه‌موو ئه‌مانه به‌شێكن له بزاوتی رۆژانه‌مان. رۆژانه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه پێنج سه‌عات ده‌خه‌وین. ئه‌و رووداوانه‌ی شه‌و له خه‌ونه‌كانماندا ده‌قه‌ومن. زۆر جار حه‌قیقه‌تی ژیانی ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ده‌رده‌خه‌ن. ئه‌و ساتانه‌ی نووسه‌ر له خه‌ون و خه‌یاڵدا ده‌یانبینێت پێویسته له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیدا ره‌نگبده‌نه‌وه. یان ئه‌وه‌تا خیانه‌ت له حه‌قیقه‌تی خۆمان ده‌كه‌ین و به ته‌نیا به یه‌ك روانگه و نیگا سه‌یری ژیانی خۆمان ده‌كه‌ین نه‌ك به دوان.
له خاڵی سێیه‌م: باسی چاوی سێیه‌م ده‌كه‌م، كه هه‌ر ئه‌وه‌یه چاوی نووسه‌ر. ئه‌م دۆخه‌ی هه‌یه هه‌موو كه‌سێك به چاوی سه‌ری خۆی ده‌یبینێت. به بۆچوونی من نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی قووڵایی دۆخه‌كه نیشان بدات پێویسته به چاوی سێیه‌م له ژیان بڕوانێت و وه‌ها بنووسێت. ئه‌و شتانه بنووسێت كه له‌به‌ر چاوانه، به‌ڵام كه‌س ئاوڕیان لێ ناداته‌وه، ته‌نیا ئه‌و ده‌توانێ بیانبینێت. ده‌شێ مه‌به‌ستی سه‌لڤادۆر دالیش هه‌ر ئه‌مه بووبێت، كاتێك ده‌یگوت: «كاتێك هه‌ردوو چاوه‌كانم ده‌نووقێنم، باشتر ده‌توانم دنیا ببینم.»
*له چیرۆكه‌كانتدا وا ده‌رده‌كه‌وێت زۆرتر له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاره خودییه‌كانی خۆتدای. جیاواز له رۆمانه‌كانت كه زیاتر ئازاری ده‌سته‌جه‌معی نه‌ته‌وه و هه‌ر مرۆڤێكه، بۆ ئه‌مه رات تۆ چییه؟
–ده‌شێ له روانگه‌ی تۆوه وا ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام لای من نه له چیرۆك و نه له رۆمانه‌كانمدا هیچ سنوورێك له نێوان من و كاره‌كته‌ره‌كانمدا نییه. هه‌ر كاره‌كته‌رێك، جا چ هی رۆمان بێت یان هی چیرۆك پارچه‌یه‌كه له رۆحی من و له جه‌سته‌ی ئه‌ودا دێت و ده‌چێت. هه‌ر كاره‌كته‌رێك شتێك له منی تێدایه. له هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندی و په‌یوه‌ستییه‌كی راسته‌وخۆی رۆمان و چیرۆكه‌كانم به ژیان و بایۆگرافیای منه‌وه نییه. سنووری من به‌گه‌یشتن به تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و كاره‌كته‌رانه ته‌واو ده‌بێت. به‌ڵێ، هه‌ندێك له خوێنی من له ده‌ماری ئه‌واندا دێت و ده‌چێت، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌وان ئه‌وانن و منیش منم. ئه‌مه باسێكی زۆر هه‌ستیاره. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئه‌و سنووره ده‌ستنیشان كراوه بشكێنێت، زیانێكی زۆر گه‌وره له هونه‌ری نووسینی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی ده‌دات. من بۆخۆم تا پێم بكرێت له‌و باره‌یه‌وه هه‌ستیار و هۆشیارانه مامه‌ڵه ده‌كه‌م. ئه‌وه مافی كاره‌كته‌ره‌كانی منه وه‌ك خۆیان بن و بیر بكه‌نه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، نه‌ك وه‌ك من.
*له نێو رۆمانه‌كانی تۆدا له هه‌موویاندا كاره‌كته‌رێك هه‌یه وه‌ك تارماییه، نادیاره، به‌ڵام هه‌یه. له‌هه‌ر رۆمانێكدا به‌جۆرێك ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ندێكجار وه‌ك ده‌ستێكی ئاسمانی دێت و له ته‌نگانه‌دا ده‌ستی كاره‌كته‌ری نێو كێشه و ئاریشه ده‌گرێت و ده‌ربازی ده‌كات، ئه‌مه بانگێكی میتافیزیكییه یاخود له ژیانی تۆدا هه‌میشه كه‌سێكی وه‌ها هه‌یه؟
–بوونی ئه‌و كاره‌كته‌ره به‌هۆكاری لێڵی و ته‌ماویی بوونی ژیانی ئێمه‌یه. زۆر شت له ژیاندا هه‌یه كه به‌جۆرێك له‌و كاره‌كته‌ره ده‌چێت، كه وه‌ك تارمایی سێبه‌رێك وایه. من ئه‌و كاره‌كته‌ره ناوده‌نێم هێزی شاراوه. مرۆڤ به‌دروستی نازانێت ئه‌مه چییه، به‌ڵام ده‌زانێت كه هه‌یه. زۆرجار رووداو رووده‌دات، ده‌بینی ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ته‌ك تۆ بێت، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕداریش بێت، ده‌ڵێت: بینیت چۆن خودا قوتاری كرد. كه‌سێكی باوه‌ڕمه‌ند ئه‌و هێزه شاراوه‌یه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خوداوه‌ند. ئه‌وه‌یش كه باوه‌ڕدار نه‌بێت روانگه‌یه‌كی تری بۆ ئه‌و رووداوه ناڕوونه هه‌یه. بۆ من ته‌وزیفكردنی ئه‌و هێزه شاراوه‌یه له نێو ئه‌ده‌بدا ئامرازێكی هونه‌ری و وێژه‌ییه و به‌دووره له‌هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی میتافیزیكی. وه‌ك چۆن له ژیاندا هه‌ندێك شت كه به‌دییان ده‌كه‌یت، به‌ڵام باش لێیان حاڵی نابین هه‌ن، هه‌ر ئاواش ده‌خوازم تێكستی وام هه‌بن. هه‌بوونی ئه‌و هێزه شاراوه‌یه ئه‌زموونێكی باشه بۆ خوێنه‌رانیش، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بیری لێ بكه‌نه‌وه و بپرسن ئاخۆ ئه‌مه چییه. له‌مه‌وه ده‌روازه له‌به‌رده‌م هه‌مه‌ڕه‌نگی خوێندنه‌وه‌كان و لێكدانه‌وه‌كانیش ده‌كرێته‌وه و هانی زیاتری خوێنه‌ر ده‌دات بۆ ئاشنابوون و تێگه‌یشتنی زیاتر. هه‌ر بۆیه خوێنه‌رانی من ئه‌وانه‌ن كه ژیر و هۆشمه‌ندن و تینووی زانینن. كۆمه‌ڵێ خوێنه‌ری هۆش وێڵ، ئه‌وانه‌ی كه ته‌نیا به‌دوای شتی ساده‌وه‌ن و ده‌یانه‌وێ كاتی به‌تاڵی خۆیان پڕ بكه‌نه‌وه ناتوانن بگه‌نه قووڵایی به‌رهه‌مه‌كانی من.
*ئاستی ئه‌ده‌بیاتی كوردی، له‌هه‌ر كام له پارچه‌كانی كوردستان بێت چۆن ده‌بینیت؟ ده‌توانین به ئه‌ده‌بیات شه‌ڕی دۆزی كورد بكه‌ین؟
–شه‌رڤانی هه‌ره باش له مه‌یدانی ئه‌ده‌بیاتدا ئه‌و كه‌سه‌یه كه به‌رهه‌می باش ده‌نووسێت. یه‌كێك له كۆڵه‌كه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی بوونی هه‌ر میلله‌تێك و ئاستی شارستانیان به‌ر له‌وه‌ی حیزبه سیاسییه‌كانیان بن، پێش ئه‌وه‌ی سوپا و سه‌ربازه‌كانیان بن، هونه‌ر و كه‌لتووریانه. من هه‌ر ته‌نیا نووسین به‌زمانیی كوردی وه‌ك به‌ره‌نگارییه‌كی گه‌وره ده‌بینم له دژی هه‌وڵی دوژمنان كه ده‌یانه‌وێ قڕمان بكه‌ن.
له‌باره‌ی ئاستی گشتی ئه‌ده‌بیاتی كوردیشه‌وه. من زۆر ئاگادار نیم، چونكه كاتێك ده‌گوترێ ئه‌ده‌بیاتی كوردی، ئه‌ده‌بیات به‌هه‌موو شێوه‌زاره‌كان دێته به‌ر زه‌ینی مرۆڤ. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له چوارچێوه‌ی ئاگاداری من ئه‌ده‌بیاتی كوردی له‌و بیست ساڵه‌ی دواییدا له‌سه‌ر ئاستی به‌رهه‌مداری نووسه‌ران هه‌نگاوی باشی ناوه و به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتوو نووسراون. به‌ڵام جێگه‌ی داخه له ئاستی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا هێشتا كورد نه‌بۆته خاوه‌ن ستاتوویهتی بونیاتنه‌ر، كه ببێته بنه‌مای گه‌شه‌سه‌ندن و به‌ره‌و پێشچوونی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی. له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه هه‌موو ئه‌و ئیمكانییه‌تانه‌ی هه‌ن له ده‌ستی سیاسه‌تدان و سیاسه‌تی كوردانیش به هه‌موو ره‌نگ و لایه‌نی خۆیانه‌وه به‌رانبه‌ر پرسی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی خه‌مساردن و بێ سوودن. له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س خۆشبینم، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی گشتی ره‌شبینم.
*حه‌لیم یوسف به زۆر زمان ده‌خوێندرێته‌وه، كامه‌یان خه‌ونی تۆ بوو؟
–خه‌ریكه خه‌ونی به‌راییم كه‌مه كه‌مه دێته دی، كه به‌رهه‌مه‌كانی من له كرمانجییه‌وه بۆ شێوه‌زاره‌كانی تر بگوازرێنه‌وه. چونكه به‌ر له‌هه‌ر كه‌سێك من خۆم لێره ده‌بینمه‌وه. ئه‌مه مه‌یدانی سه‌ره‌كی منه. تاوه‌كو ئێستا به‌رهه‌مه‌كانی من به‌عه‌ره‌بی، فارسی، تاڕادده‌یه‌ك به توركیش بڵاوكراونه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه به‌رهه‌مێكم به ئینگلیزی و یه‌كێكم به ئه‌ڵمانی بڵاوبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام له وه‌شانخانه‌ی بچووك چاپ و بڵاوكراونه‌ته‌وه. هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م دۆخه بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌فراوانی رێگه له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مه‌كانی من بۆ زمانه ئه‌وروپییه‌كان بكرێته‌وه.
*نووسین به زمانی كوردی وای كردووه نووسرانی كورد له جیهاندا تا ئاستێك بڕۆن و بوه‌ستن، یاخود پێتانوایه ئه‌گه‌ر توانایی و به‌رهه‌می به‌پێز هه‌بێت زمان نابێته كێشه بۆ نووسه‌رانی كورد؟
–ئه‌مه باسێكی درێژ و فره ره‌هه‌نده. له چوارچێوه‌ی پرسی وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه و ناساندن له دنیادا بۆ نووسه‌رێك، كوردبوون بارێكی گرانه و پرسه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات. هه‌روه‌ها رێگه‌یه‌كی درێژتریشی له‌به‌ره. من به‌خێرایی باس له چه‌ند لایه‌نێكی ده‌كه‌م. پێگه‌ی سیاسی كورد چی بێت به‌هه‌مان روانگه‌ش سه‌یری نووسه‌ری كورد ده‌كرێت. لێره، به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، بۆیه نووسه‌رانی كورد له هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌ت و به‌شدارییانه‌ی له نێوان دامه‌زراوه و ده‌زگای وڵاتان هه‌یه بێ به‌شه. به‌چاوێكی جدییه‌وه سه‌یری زمان و كولتووری قه‌ده‌غه‌كراو و برینداری میلله‌تێكی پارچه‌كراو و بێ ستاتوو ناكرێت. نه‌بوونی ده‌زگای پسپۆڕ بۆ وه‌رگێڕان و له‌گه‌ڵیشیدا نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی و پاڵپشتی دارایی، هه‌روه‌ها نه‌بوونی وه‌رگێڕی پسپۆڕ ئه‌م كاره له مایه‌پووچبوون نزیك ده‌كاته‌وه. بۆیه له نێو كوردا ئه‌گه‌ر نموونه‌ی سه‌ركه‌وتووش هه‌بن هه‌موویان به‌هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی خودی نووسه‌ره‌كان خۆیانه. ئه‌مه واده‌كات له نێو ده‌یان نووسه‌ری كورددا كه شایانی ئه‌وه‌ن وه‌ربگێڕدرێن و له دنیا بناسرێن، ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك كه ده‌رفه‌تیان بۆ ده‌ڕه‌خسێ ده‌توانن له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتووبن. له نێو كوردا زۆر نووسه‌ری سه‌ركه‌وتوو هه‌ن كه شایانی ئه‌وه‌ن به‌رهه‌مه‌كانیان به‌زمانی گه‌لانی دنیا بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێ به‌ژماره زۆر كه‌من.
*ئه‌گه‌ر حه‌لیم یوسف نووسه‌ر نه‌بوایه، چ نازناوێكی دیكه‌ی ده‌بوو؟
–زۆر حه‌ز به مۆسیقا و گۆرانی ده‌كه‌م. خۆزگه ده‌نگم خۆش ده‌بوو. دوای ئه‌ده‌بیات گۆرانییه كوردییه‌كان ده‌روونم ئارام ده‌كه‌نه‌وه.
*هیچ كارێكی تازه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌یه؟
–به‌ڵێ، دوای ده ساڵ له ده‌رچوونی كتێبی «ئاوسله‌نده‌ر به‌گ-2011» كه كۆمه‌ڵه چیرۆك بوو، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا ده‌ستنووسی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی تازه‌م بۆ وه‌شانخانه‌ی په‌یوه‌ند نارد له وان. به‌م زوانه چاپ و بڵاوده‌بێته‌وه. ئه‌و كتێبه تازه‌یه‌م چیرۆكه.